University of Raparin Logo

راگەیەنراوی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین سەبارەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان

چاپکردن ئیمەیڵ

بۆ تاوتوێکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێشەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە ١٠/٦/ ٢٠١٥ ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ و پەیوەندار بە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە. 

 ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:

راگەیەنراوی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین سەبارەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان

سڵاوی زانست و پەرۆشی..
لەبەر رۆشنایی ئەو بارودۆخە هەستییارەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، ئێمە (ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین) وەک بەرپرسیارێتییەکی ئێتیکی و مێژوویی ئەم سەرنج و پێشنیارانەی خوارەوە دەخەینەڕوو:
١- دۆخەکە زۆر هەستییارە و پێویستی بە مامەڵەی هۆشیارانە هەیە، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەرجەم بوارەکان دەبێت، بە تایبەت پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەبەرئەوەی ئەو بوارە گرنگە وابەستەی زەمەن و تەمەنە، و پەڕینەوە لەو قۆناغە و بەسەرچونی کاتەکە قەرەبووکردنەوەی ئه‌ستەمە.
٢- کۆچی بەلێشاوی خوێندکاران و لاوانی کوردستان یەکێکە لە سیما نەخوازراوەکانی بارودۆخەکە و پێویستی بە پلانی ورد و ستراتیژیی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.
٣- بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە داوا رەواکانی هاوڵاتییان و دەنگی ناڕازیی شەقامی کوردستان دەکەین، له:
ا- دابینکردنی سەرجەم مافە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە دواکەوتنیان ئاکامی نەخوازراوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و... هتدی لێدەکەوێتەوە.
ب- راگەیاندن و ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی و پلان بۆ داڕێژراو لە بوارەکانی کارگێڕی و دارایی و سیاسی، کە ئامانج لێی باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان بێت و بە دوور بێت لە هەموو جۆرە ململانێیەک.
ج- جیاکردنەوەی بژێویی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە گەمەی دیموکراسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

           بە هیوای تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و بنەڕەتی.

                                                                                                                                      ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین

                                                                                                                                              ٦ / ١٠ / ٢٠١٥