University of Raparin Logo

زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن)ی ئه‌ڵمانی ئۆفیسێكی له‌ كوردستان كرده‌وه‌

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ئه‌نجامی سه‌ردانێكی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ئاڵمانیا، زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن)ی وه‌ك یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین زانكۆكه‌كانی جیهان ئۆفیسێكی خۆی له‌ كوردستان كرده‌وه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینەوەى زانستى و، سه‌رۆكی سه‌رجه‌م زانكۆكانی كوردستان و، ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زاو ئه‌كادیمی، نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن)ی ئه‌ڵمانی له‌ ناو باڵه‌خانه‌ی دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینەوەى زانستى له‌ سلێمانی كرایه‌وه‌.   
دوا به‌دوای به‌ڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌كه‌ش، هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنچ شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (8/10/2015) زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن)ی ئه‌ڵمانی به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی و، سه‌رۆكی سه‌رجه‌م زانكۆكانی كوردستان و یاریده‌ره‌كانیان بۆ كاروباری زانستی و چه‌ند شاره‌زاو ئه‌كادیمیك له‌ دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینەوەى زانستى  یه‌كه‌م چالاكی خۆی به‌وۆرك شۆپیك ده‌ست پێكرد.
له‌سه‌ره‌تایی وۆرك شۆپه‌كه‌دا د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینەوەى زانستى به‌خێرهێنانی میوانه‌كانی كرد و، هیوای خواست كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی ئه‌و زانكۆ به‌ناوبانگه‌ ده‌رفه‌تێكی باش بڕخسێنیت بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و ئه‌كادیمیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئاڵمانیا.
پاشان د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، خۆشحاڵی خۆی به‌كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی ئه‌و زانكۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و، پاڵپشتی خۆشی بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانیان له‌ كوردستان دوپات كرده‌وه‌، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: له‌ سایه‌ی ڕۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئێمه‌ له‌ كوردستان به‌ئازاد و ئارام ده‌ژین و زانكۆكانیش ئارازادانه‌ كاری خۆیان ده‌كه‌ن، چونكه‌ چاومان له‌ ئاینده‌یه‌كی گه‌شه‌، ڕونیشیكرده‌وه‌ له‌ كوردستان كۆمه‌لێك زانكۆمان هه‌یه‌، ئه‌و زانكۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك خاڵی به‌هێزیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ده‌ر نین له‌ خاڵی لاواز، بۆیه‌ خۆشحاڵ ده‌بین له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م وۆرك شۆپه‌وه‌ بتوانین هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین تا خاڵه‌ لاواز و به‌هێزه‌كانی زانكۆكانمان بۆ ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ئامانجی به‌هێزكردنی خاڵه‌ لاوازه‌كان و باشتركردنی خاڵه‌ باشه‌كانیش.
له‌ كۆتایی قسه‌كانیشدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كاره‌كانی وۆرك شۆپه‌كه‌ خواست، ڕونیشیكرده‌وه‌ ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌ت بایه‌خێكی زۆر به‌كواڵیتی زانكۆكان ده‌ده‌ین، كاره‌كانیشمان چڕكردۆته‌وه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن له‌ زانكۆكان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا گرنگی زۆر به‌باشكردنی تویژینه‌وه‌ی زانستی‌ له‌ كوردستان ده‌ده‌ین و، ئه‌خوازین زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) كه‌ ئه‌زومنێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ بواره‌دا هه‌یه‌ ده‌خوازین هاریكارمان بن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وۆرك شۆپه‌كه‌دا، ئاماده‌بوان، گفتوگۆیان له‌باره‌ی چۆنێیه‌تی په‌ره‌پێدانی خوێندن له‌ كوردستان، سیسته‌می بۆلۆنیا، توێژینه‌وه‌ی زانستی هاوبه‌ش‌،چۆنییه‌تی وه‌رگرتنی فه‌ند و چۆنییه‌تی سودوه‌رگرتن له‌ هاوكاری یه‌كتری و پیشخستنی خوێندن له‌ كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، هه‌ر له‌و وۆرك شۆپه‌دا نوێنه‌ری زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) سه‌رجه‌م پێشنیازه‌كانیان بۆ چۆنییه‌تی كاری داهاتویان له‌ كوردستان خسته‌ڕو.
(جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) یه‌كێكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان و له‌ ساڵی  (1737) دامه‌زراوه‌، جگه‌ له‌ پێگه‌یاندنی‌ ده‌یان زانا و لێكۆڵه‌ری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، (45) خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ له‌ بواری‌ زانستی‌ وتوێژینه‌وه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌هه‌مان كاتدا هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆی (ماكس پلانگ سۆسایه‌تی) هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێنجه‌م ده‌ز‌گای توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت.
كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) له‌ دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینەوەى زانستى  به‌رئه‌نجامی  سه‌ردانێكی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) له‌ ئاڵمانیادا هات له‌ مانگی چواری ئه‌مساڵ، ئه‌و نوسینگه‌یه‌ كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی زیاتر له‌ نێوان زانكۆكه‌و سه‌رجه‌م زانكۆكانی كوردستان و ده‌سته‌ی كوردستانی له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی زانسته‌كان هه‌بێت، هه‌روه‌ك  بۆ ئاڵوگۆڕكردنی خوێندكاری كوردستانی و خویندكاری ئاڵمانیایه‌ له‌ نێوان ئه‌و زانكۆیه‌و زانكۆكانی كوردستان، له‌هه‌مان كاتدا بۆ ئه‌وه‌ش تا بتوانن له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ پڕۆژه‌ی ئه‌وروپی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردولایاندا هه‌بێت تا فه‌ندی ئه‌وروپی بۆ توێژینه‌وه‌ی زیاتر و به‌رزتر  له‌گه‌ڵ ئه‌و زانكۆیه بكرێ‌ .