پەیامی زانكۆی راپەڕین سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی دەوام
سەرۆكایەتی زانكۆی ڕاپەڕین بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خوێندكاران و پەكنەخستنی پڕۆسەی خوێندن، وەك هەنگاوێك بۆ ئاساییكردنەوەو هێوركردنەوەی بارودۆخی شڵەژاوی بەشێك لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان بەهۆی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو بڕیاریدا كە رۆژی شەممە 2015/10/17، دەوامی ئاسایی خوێندن لەسەرجەم بەش و فاكەڵتییەكانی زانكۆ دەستپێبكاتەوە.
ئەو هەلومەرجە هەستیارە سیاسیی و ئابوریەی هەرێمی كوردستانی، پێدا تێدەپەڕێت كاریگەریەكی زۆری كردۆتە سەر پڕۆسەی خوێندن و ماوەی چەندین رۆژە لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان پرۆسەی خوێندن پەكی كەوتووەو مامۆستایان و فەرمانبەران بایكۆتی دەوام و چوونە هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە.
وەك سەرۆكایەتی زانكۆی ڕاپەڕین پشتیگری تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین لەزانكۆمان و لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، لەهەمبەر پێنەدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، داواش لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەزووترین كات رێگەچارەیەكی گونجاوی ریشەیی بۆ ئاریشەی دواكەوتنی مووچە بدۆزێتەوە. هەروەك لەداهاتوودا پشتگیری هەر رێوشوێنێكی مەدەنی دەكەین لەپێناو بەدەستهێنانی مافی مامۆستایان و فەرمانبەراندا.
بەڕێزان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئازیز، وەستاندن و دواكەوتن و پەككەوتنی پڕۆسەی خوێندن بەتەنیا زیان لەخوێندكارانی وڵاتەكەمان دەدات كە كەسوكاری ئێمەن، بۆیە خوێندكاران چاویان لەهەوڵ و هیمەتی ئێوەی پێشمەرگەی زانستە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن و بەهیوای گەڕانەوەتان بۆ هۆڵەكانی خوێندن و سوود گەیاندن بەخوێندكاران كە رۆڵەی داهاتووی گەل و نیشتمانن.
سەرۆكایەتی زانكۆ داوای هیمەتی نیشتمانپەروەری لەئێوەی مامۆستاو فەرمانبەر دەكات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر كارەكانتان و شكاندنی بایكۆت كە تەنیا خوێندكاران لێی زەرەرمەند دەبن، هەروەها لەبەرئەنجامی بایكۆتی چەند رۆژی رابردوو پەیامی مامۆستایان و فەمانبەران گەیشتۆتە لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و چاوەڕێی چارەسەری گونجاو دەبین.
لێرەوە بەناوی زانكۆی راپەڕینەوە داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەین بەزووترین كات و بەمیكانیزمێكی گونجاو چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران بكات لەپێناو ئاساییكردنەوەی دەوام و كاروباری فەرمانگەكان و دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەناوەندەكانی خوێندن لەكوردستان، هەروەك بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆمانەوە پرسەو سەرەخۆشی لەشەهیدانی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردوو دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
ئومێدەوارین كە پارتە سیاسییەكانی كوردستان بەسیاسەتێكی حەكیمانە ئەو تەنگژە سیاسیی و سەرجەم ئەو قەیرانانە تێپەڕێنن كە كاریگەری نێگەتیڤیان كردۆتە سەر كاری دەوڵەتداری لە وڵاتەكەمانداو كاریگەری زۆریشی لەسەر سایكۆلۆژیای جەماوەر داناوە.
سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین
2015/10/14