University of Raparin Logo

وته‌ی سه‌رۆکی لیژنه‌ی باڵای رێوڕه‌سمی چواره‌مین خولی ده‌رچووان

چاپکردن ئیمەیڵ

وته‌ی سه‌رۆکی لیژنه‌ی باڵای رێوڕه‌سمی

چواره‌مین خولی ده‌رچووانی زانکۆی راپه‌ڕین (2014-2015)

ئاماده‌بوانی به‌ڕێزی رێوره‌سمی چواره‌مین خولی ده‌رچوانی زانکۆمان..

مامۆستایانی دڵسۆز..

ده‌رچوانی خۆشه‌ویست..

سه‌ره‌تا به‌ ناوی لیژنه‌ی باڵای رێوڕه‌سمی چواره‌مین خولی ده‌رچوانی زانکۆی راپه‌ڕینه‌وه‌ به‌خێرهاتنی گه‌رمتان ده‌که‌ین.

 به‌ڕێزان..

ئه‌مڕۆ، به‌ شادمانییه‌کی زۆره‌وه‌، زانکۆی راپه‌ڕین پۆلێکی تر له‌ ده‌رچوانی به‌ش و رشته‌ جیاوازه‌کان پێشکه‌شی نیشتمان ده‌کات.

ئه‌و ده‌رچوه‌ ئه‌زیزانه‌، له‌ چوار ساڵی رابردودا له‌ هه‌ریه‌ک له‌ زانسته‌کانی (مێژو، جوگرافیا، فه‌لسه‌فه‌، کوردی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی، کۆمپیوته‌ر و بیرکاری، په‌رستاری...) خوێندویانه،‌ و به‌ یارمه‌تی مامۆستایانی دڵسۆز و ستافی کارگێڕیی زانکۆ و فاکه‌ڵتی و سکوڵ و به‌شه‌کان خه‌رمانێکی به‌پیتیان له‌ بواره‌ زانستییه‌که‌ی خۆیاندا کۆکردۆته‌وه‌.

ده‌رچووانی ئه‌زیز..

هه‌مومان (چ ئێوه‌ وه‌ک خوێندکار، و چ ئێمه‌ش وه‌ک ستافی ئه‌کادیمی و کارگێڕی)، ساڵی رابردوی خوێندنمان به‌ سه‌ختییه‌کی زۆره‌وه‌ تێپه‌ڕاند، سه‌ختیی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تێرۆر، سه‌ختیی ته‌نگژه‌ی دارایی، که‌ بوه‌هۆی په‌ککه‌وتن یان وه‌ستانی زۆر پرۆژه‌ی‌ گرنگ و دروستبونی که‌موکوڕی له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هاونیشتمانییان. به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ هه‌ریه‌ک له‌و کێشه‌ و ته‌نگژانه‌ کاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ژیانی خوێندن و زانکۆ و خوێندکاران هه‌بوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هاوکات جێی خۆشحاڵیی هه‌مومانه‌، سه‌رکه‌وتن و زاڵبونه‌ به‌سه‌ر گیروگرفته‌کان و به‌ڕێکردنی قۆناغێکی نوێیه‌.

بۆیه‌، به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنتان له‌ قۆناغێكی دیكه‌ی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ پسپۆڕییه‌که‌ی خۆتاندا، جوانترین چه‌پكه‌گوڵی پیرۆزباییتان پێشكه‌شده‌كه‌ین، و رێز له‌ هه‌وڵ و ماندبوون و به‌رهه‌می چه‌ند ساڵه‌ی خۆتان و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كانتان ده‌گرین.

وه‌كچۆن له‌ ئێستادا، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌رگریی له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كه‌ن، ئێوه‌ش له‌ سه‌نگه‌ری زانستدا پێشمه‌رگه‌ی هێنانه‌كایه‌ی ئاینده‌یه‌كی رون و بونیادنانی نیشتمانێكی گه‌شه‌كردون.

ده‌رچون و سه‌رکه‌وتنی ئه‌م پۆله‌ خوێندکاره‌ له‌ هه‌مومان پیرۆز، به‌ ئومێدی هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده‌سازییه‌کی رۆشن بۆ نه‌وه‌ و نیشتمان و ناوچه‌که‌مان.