بەڕێزان:
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
- جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- بەرپرسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین
- میوانانی ئازیز، مامۆستایانی بەڕێز و خوێندکارانی خۆشەویست
مێژوو شاهیدە کە گەلی کورد لە کوردستان لەسەر خاکی خۆی بە فرمێسک و خوێن بەردەوام خەباتی کردووە و ئەمڕۆی بۆ ئێمە بەرهەم هێناوە، هەزاران سڵاو لە شەهیدەکان و پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان کە لەم ساتە وەختەدا لە سەنگەری پارێزگاری خاک و سنوری کوردستاندان و دەجەنگن.
جێگای شانازییە لە سایەی بەرهەمی تێکۆشانی ئەم گەلە دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵا-ی وەک زانکۆی ڕاپەڕین لەم دەڤەرە نوێخواز و زانستخوازە بنیاتنراوە، کە لە دوو کەمپەس یەک لە ڕانیە و یەکێکی دیکە لە شاری قەڵادزێ، کە بەردەوام ژینگەیەکی زانستی لەدەڤەرەکە بۆ پەروەردە و فێربوون فەراهەم کردووە. بە یەکسانی دەرگای خوێندنیان واڵا کردووە بۆ هەمووان بۆ بەشداری کردن لە پێشخستن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەم دەزگا زانستی و ئەکادیمی-یە ئومێد بەخشی ئایندەیەکی ڕووناک و گەشترە بۆ دەڤەرەکە .
وا ئەمڕۆ زانکۆ لەم کەرنەڤاڵەدا پۆلێکی نوێ لە دەرچووانی، کە تاجی سەرکەوتنیان لەسەر ناوە و گۆشکراون بە زانست و زانیاری پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەکات، کە ئومێدی زۆرمان پێیانە و هیوادارین کە خەونی چەند ساڵە و هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونیان بێتەدی و بکەونە خزمەتی گەورەی گەل و نیشتمانەکەیان.
ئێوەش ئەی دەرچووانی ئەم خولە بە بەشێکی زۆر قەرزداری حکومەتی هەرێم و ئەم مەڵبەندەن کە تیایدا بەشێوەیەکی زانستی پەروەردە کراون دەبێت ئەم زانکۆیە لەیاد نەکەن و خزمەتی بەرز ڕابگرن، تا زیاتر ئاوەدان بێت و گەشە بکات بۆ خزمەتی نەوەی نوێی گەلەکەمان، وە هەمێشە دەنگتان بخەنە پاڵ ئەو دەنگانەی کە مەڵبەندی وا دادەمەزرێنن و ریفۆرمی زانستی و سەردەمیانە لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەدا دەکەن .
بێگومان .. پسپۆڕانی ئەم بوارە، هەوڵی بێ وچان و بەردەوام دەدەن و جەخت دەکەن لەسەر ئەوەی کە زانکۆکان کۆڵەکەی پێشکەوتنن و گرینگترین دەزگان لە بواری پەروەردە و زانست و تەکنەلۆجیادا کە ڕۆڵی پێشەنگ و کارا دەبینن لەسەر کۆی کایەکانی کۆمەڵگە بە ئاراستەی گۆڕانکاری جۆری هەر بۆیە زانکۆمان بەردەوام لە هەوڵی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دروست دا بووە بۆ پڕۆسەی خوێندن تا خوێندکاران زیاتر هەست بە ئاسودەیی و متمانە بەخۆبوون بکەن لە خوێندنەکەیاندا.
بەڵام بوونی هەندێ گرفت لەبەردەم پێشکەوتن و پەرەپێدانی زانکۆمان بە تایبەت گرفتی نەڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بە هۆی هەندێ هۆکاری کاریگەر، کە دەرچووانی نا ئومێد کردووە و ڕێژەی بێکاری بەرز کردۆتەوە، کە گرینگترینیان بریتین لە:
یەکەم/ لەگەڵ ڕێز و شانازیمان بۆ خەباتی بەردەوامی گەلە ستەم لێکراوەکەمان کە هەمیشە شەڕ و کاولکاری بەرۆکی ئەم گەلەی گرتووە و لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانەوە دەرفەتی گەشەکردنی ئابوری و پێشەسازی و ئاوەدانکردنەوە یاخود خوێندن و پەروەردەیان نەداوین و هەمیشە ڕێگربوون لە پێشکەوتنی کوردستان.
دووەم/ گەشەی خێرای خوێندنی باڵا بە کردنەوەی زانکۆی دووبارە کە پڕۆگرام و خوێندنیان چوونیەکن و نەگونجاون لەگەڵ پێداویستی بازاڕی کاردا، ئەمەش بۆتە کێشە و کارێکی گەورە خوڵقاندووە لەنێوان زانکۆ و کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا.
سێیەم/ زانکۆکان گرفتی بودجە و قەیرانی دارایی زۆریان هەیە، هەروەها سەربەخۆ نین لەکاری کارگێڕی و دارایی و زانستییەوە، تا بەرنامە داڕێژراوی خۆیان بەپێی مۆدێلی نوێ و بە مەبەستی گەشە و هاوبەشی کارا لە خزمەتی کۆمەڵگەی کوردستان جێ بەجێ بکەن.
بۆیە کەرتی خوێندنی باڵا و ئەم دەزگایانە پێویستی بە ڕێفۆرمی بەردەوام هەیە، دەبێت زانکۆ سەربەخۆ بکرێت لەڕووی کارگێڕی و دارایی و زانستییەوە تا ڕۆڵێکی پێشەنگ بگرێت لە گۆڕانکاری بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی پڕۆگرامەکان و گونجاندنیان لەگەڵ بازاڕی کاردا، هەوڵ بدات بۆ پتەوکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ هەردوو کەرتی تایبەتی و گشتی لە هەرێمی کوردستان .
زانکۆی ڕاپەڕین هەمیشە بە ڕوانینێکی دوور مەودا بۆ ئایندەی گەشی دەڤەرەکە کاری کردووە، بە هەوڵ و کۆششی گشت ستافەکەی چەندین چالاکی و کۆنفرانسی زانستی بە ئەنجام گەیاندووە، هەروەها بەشداری لە پڕۆگرامەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ( IREX )ی ئەمەریکی کردووە، بۆ یەکەمجار زانکۆی ڕاپەڕین وەک چوار زانکۆی کوردستان و عێراق لە ڕەوەندی یەکەمی پرۆگرامی ئیراسمۆس مەندۆس مەرحەبا (٤) مامۆستای وەربگیرێن بۆ ئاستەکانی خوێندنی ( دکتۆرا ، ماستەر ، ڕاهێنانی ستافی ئەکادیمی ) ئەمە سەرەڕای هەوبەشیمان لە ئاڵوگٶڕکردنی کادیری ئەکادیمی نێوان ئێمە و زانکۆکانی بەشدار لەم پڕۆگرامە ( یەکێتی ئەوروپا ) جگە لە ئەنجامدانی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنی زانستی لەگەڵ چەندین زانکۆی وڵاتانی دەرەوە، هەروەها لە ئێستادا زانکۆمان کار دەکات بۆ وەرگرتنی هاوبەشی لە پرۆگرامی ( ئیراسمۆس سوکرات ) کە تیایدا زانکۆکانی پۆڵەندا، چیک و سلۆڤاکیا هاوبەشن .
هەروەک زانکۆمان ئەندامی هەمیشەیی رێکخراوی نێودەوڵەتی یەکێتی زانکۆکانی جیهان ( IAU ) و یەکێتی زانکۆکانی ئۆراسیایە، بە خۆشحاڵیەوە پێتان ڕادەگەیەنم کە زانکۆی ڕاپەڕین وەک زانکۆیەکی دانپیانراوی جیهانی خراوەتە ناو داتابەیسی زانکۆباوەڕپێکراوەکانی یونسکۆوە .
وە زانکۆمان بەشی سامانی ئاژەڵی لە بواری کستوکاڵ کردۆتەوە کە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە گەشەپێدانی زانستی کشتوکاڵی ئەم دەڤەرە کشتوکاڵییە و لە هەوڵی کردنەوەی فاکەڵتی ئەندازیاری و بوارە زانستییەکانی تردایە.
هەروەها بەرنامەی خوێندنی دکتۆرا لە بەشی زانستی پەرستاری و کوردی دا کردۆتەوە، وە هەوڵی دابینکردنی کورسی خوێندنی دکتۆرای بۆ بوارەکانی تری زانست داوە لە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم ئەمەش هەنگاوێکە بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و بەدەسهێنانی متمانەی زیاتری ئەکادیمی بۆیە هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو مەڵبەندە نوێیەی خوێندنی باڵا دەخوازین، بەردەوام چاو لەسەر گۆڕانکاری جۆرین بەرەو پێشکەوتن و خزمەتی کۆمەڵگەمان .
دەبا گیانی شەهیدەکانمان ئاسودەبن بە کودستانێکی دامەزراو و گەشاوە و پێشکەوتو و ئارام .
پ.د.محمد علی عبداللە
سەرۆکی زانکۆ