University of Raparin Logo

زانكۆی ڕاپەڕین بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە ( ٤١٦ ) خوێندکاری دەرچوو بەخشی

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠ / ١٠ / ٢٠١٥‌، بەدروشمی ( پێشمەرگەی زانستین ) ڕێوڕەسمی چوارەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونى بەڕێز "پ.د.کەریم عەبدول" نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و قائیمقامی ڕانیە و ژمارەيەكى زۆر لە كەسايەتى ناوچەکە، لە هۆڵى زین ڕێوڕەسمی چوارەمین خولى دەرچووانى زانکۆى ڕاپەڕین بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی کەژاوەی ده‌رچووان ‌و مامۆستایانی زانكۆ و ئەنجومەنى زانکۆى ڕاپەڕین ده‌ستی پێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بە بێدەنگی بۆ گیانی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان وەستان، دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه‌.

دوای ئەوە وتەی سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ڕێوڕه‌سمی ده‌رچووان له‌ لایه‌ن بەڕێز "د.هێرش رسول " یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران خوێندرایه‌وه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵا وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی میوانه‌كان و پیرۆزبایی كردن له‌خوێندكارانی ده‌رچوو، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ری ڕه‌نج و ماندوبونی شەهیدەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانە کە ئێستا کوردستانمان ئازادە، به‌هیمەتی مامۆستایانی دڵسۆز و ستافی کارگێڕیی زانکۆ و فاکه‌ڵتی و سکوڵ و به‌شه‌کان خه‌رمانێکی به‌پیتیان له‌ بواره‌ زانستییه‌که‌ی خۆیاندا کۆکردۆته‌وه‌، ووتیشی: هیوادارین دەرچووانی زانکۆمان له‌ چوارچێوه‌ی پسپۆرییەکانی خۆیاندا به‌شداری كارا له‌ بووژاندنه‌وه‌ و بنیادنانی كوردستانێكی ئاوه‌دان بکەن.

دواتر سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین  به‌ڕێز " پ.د.محمد علی" وتەیەکی پێشكه‌ش كرد و بەخێرهاتنی گەرمی سەرجەم میوانانی ڕێوڕەسمەکەی كرد و  پیرۆزبایی خۆی ئاڕاسته‌ی خوێندكارە ‌ ده‌رچووەکان کرد.

دواتر سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین باسی لە مێژووی بەرخودانی گەلی کورد کرد، پاشان گرنگی ناوەندێکی ئەکادیمی وەک زانکۆی ڕاپەڕین بۆ ئامادەبوان خستەڕوو، کە بەردەوام ژینگەیەکی زانستی لەدەڤەرەکە بۆ پەروەردە و فێربوون فەراهەم کردووە. بە یەکسانی دەرگای خوێندنیان واڵا کردووە بۆ هەمووان بۆ بەشداری کردن لە پێشخستن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەم دەزگا زانستی و ئەکادیمی-یە ئومێد بەخشی ئایندەیەکی ڕووناک و گەشترە بۆ دەڤەرەکە .

پاشان به‌ڕێز " پ.د.محمد علی" باسی لەو گرفتانە کرد کە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتن و پەرەپێدانی زانکۆکان بە تایبەت گرفتی نەڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بە هۆی هەندێ هۆکاری کاریگەر، کە دەرچووانی نا ئومێد کردووە و ڕێژەی بێکاری بەرز کردۆتەوە، وتیشی : بۆیە کەرتی خوێندنی باڵا و ئەم دەزگایانە پێویستی بە ڕێفۆرمی بەردەوام هەیە، دەبێت زانکۆکان سەربەخۆ بکرێن لەڕووی کارگێڕی و دارایی و زانستییەوە تا ڕۆڵێکی پێشەنگ بگێڕن لە گۆڕانکاری بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی پڕۆگرامەکان و گونجاندنیان لەگەڵ بازاڕی کاردا، هەوڵ بدات بۆ پتەوکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ هەردوو کەرتی تایبەتی و گشتی لە هەرێمی کوردستان .

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز "پ.د.کەریم عەبدول" ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا وتەیەکى پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچووان و خانەوادەکانیان سوپاسى شەونخونی مامۆستایانی کرد بۆ پێگەیاندن و گۆشکردنى پۆلێک نەوەی نوێ لەدەرچووانی زانکۆ بە زانست و زانیاری سەردەم، لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا کورتەیەکى لە بارەى مێژووى خویندنى باڵا لە کوردستان و ئەو گەشەکردنەى کە لەدواى ساڵى نەوەدەکانەوە بەخۆیەوە بینیوە بۆ ئامادەبوان خستەڕوو، ڕایگەیاند: زانکۆى ڕاپەڕین هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە گەشەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینوەو چەندین فاکەڵتى و بەش و پسپۆڕى لەخۆگرتووە کە گرنگى تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمى کوردستان.

سەبارەت بەسیاسەتى ئێستای وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى "پ.د.کەریم عەبدول " وتی: لە ئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵا گرنگى زیاتر بەکواڵیتى خوێندن لە زانکۆکان دەدات، لەو بوارەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەنگاوى ناوە بۆ جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەدا گرنگى زیاتر دەدات بەپڕۆسەى دلنیایى جۆرى و تویژینەوەى زانستى.

لە کۆتایى وتارەکەیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایی وەزارەتى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى زانکۆى ڕاپەڕین کرد کە زۆر بەپەرۆش و دڵسۆزانە هەوڵیانداوە بۆ ڕەخساندنى کەش و هەواى لەبارو دابینکردنى پێداویستیە زانستییەکان بۆ پێگەیاندنى ئەو پۆلە لە دەرچووان، هەروەک پیرۆزبایى ئاڕاستەى خانەوادەى دەرچووان کرد کە ئەوپەڕى هەوڵیان داوە بۆ پێگەیاندنى نەوەکانیان، لەهەمان کاتدا پیرۆزباى لە دەرچوانیش کرد کە توانیان ئەو دەسکەوتە گەورەیە بۆخۆیان بەدى بهێنن، هیواشى خواست لە ژیانى ئایندەیاندا پێگەى خۆیان لە نەخشەى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان بەپێیى پسپۆڕییەکانیان دیارى بکەن.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە ( ٤١٦ ) خوێندکاری دەرچووی ساڵی خوێندنی ( ٢٠١٤-٢٠١٥ ) بەخشرا ، کە سەرجەمیان دەرچووی ( ١٠ ) بەش بوون لە سێ فاکەڵتی و یەک سکوڵی زانکۆی ڕاپەڕین، خەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلایەن "پ.د.کەریم عەبدول " بە "دە" یەکەمەکان لەسەر ئاستی زانکۆی ڕاپەڕین بەخشرا.