University of Raparin Logo

لەچەند ڕۆژی داهاتودا (زانکۆلاین) ده‌كه‌وێته‌ كار

چاپکردن ئیمەیڵ

دوای ئەوەی له‌ ڕێكه‌وتی (16)ی ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئەنجامەكانی قۆناغی ده‌رچوانی پۆلی (12)ی ئامادەیی گه‌یشته‌ وزارەتەكەمان، ڕاسته‌خۆ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندن باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بەمەبەستی دڵنیابون لە نه‌بونی ناوی دوبارەو نەهێشتنی کەموکوڕی لە لیستەکاندا پڕۆسه‌ی پێداچونه‌وه‌و وردبینی له‌ ناوی ده‌رچوان ده‌ستی پێكرد، له‌هه‌مان كاتدا ڕێبه‌ری وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان گه‌ێندرایه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌كان له‌ پارێزگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و، به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ده‌رچوانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی دابه‌ش كرا.

سه‌باره‌ت به‌دواین هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، عه‌باس ئه‌كره‌م وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: هه‌وڵه‌كان له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان چڕ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا (زانكۆلاین) كارا بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى كۆتای به‌پڕۆسەی دانانی (ناوی به‌كارهێنه‌ر، وشه‌ی تێپه‌ڕ)ی بۆ سه‌رجه‌م دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی تەواوکرد، ئەمڕۆ شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (24/10/2015) ئاڕاستەی پەروەردەی گشتی پارێزگاكانی )هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) و، ئیداره‌ی(گەرمیان و ڕاپه‌ڕین)  كرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاماده‌ییه‌كانیانه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌رچوانی پۆلی (12) دابه‌ش بكرێت. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی داوای له‌ ده‌رچوانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی كرد كه‌ خۆیان، یان كه‌سی متمانه‌ پێكراو ڕابسپێرن سه‌ردانی ئاماده‌ییه‌كانیان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی (ناوی به‌كارهێنه‌ر، وشه‌ی تێپه‌ڕ)، هه‌روه‌ك داواش له‌ ده‌رچوان كرد (ناوی به‌كارهێنه‌ر، وشه‌ی تێپه‌ڕ) لای خۆیان بپارێزن و، بەهیچ كه‌سێكی دیكه‌ی نه‌ده‌ن، جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ جێگه‌ی متمانه‌یانن، چونكه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن بڕۆنه‌ ناو سیسته‌می (زانكۆلاین) و، فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه‌و پێشكه‌شی بكه‌ن.