University of Raparin Logo

ڕادیۆی دەنگی زانکۆ ساڵێکی پڕ لە خزمەتی زانستی تێپەڕ دەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕۆژی چوار شەممە ٢٠١٥/١٠/٢٨ یەکەمین ساڵوەگەڕی کردنەوەی پەخشی ڕادیۆی دەنگی زانکۆی ڕاپەڕینە، بەو بۆنەیەوە ستافی ڕادیۆکە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم بیسەران و خوێندکاران و  زانستخوازان لەدەڤەری بیتوێن و پشدەر دەکات .
ڕادیۆی دەنگی زانکۆی ڕاپەڕین ڕۆژی ۲۸ / ۱۰ / ۲۰۱٤ لەمەراسیمێکی شایستەدا کرایەوە و لەسەر فریکوێنسی 104.1  پەخشی بەرنامەکانی دەستپێکرد.

محمد ئەنوەر لێپرسراوی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ وتی : کردنەوەی ڕادیۆی دەنگی زانکۆی ڕاپەڕین وەک ڕادیۆیەکی ئەکادیمی و پەروەردەیی ئەزمونێکی کاریگەربوو بۆ گەیاندنی پەیامە زانستییەکەی زانکۆ بەسەرجەم خوێندکاران و  بیسەرانی لەدەرەوەی زانکۆ، ئێمە وەک ستافی ڕادیۆ لە ڕێگەی چەندین بڕگە و بەرنامەی جۆراوجۆرەوە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەداین زۆرترین زانیاری زانستی و پەروەردەیی بگەیەنین بەبیسەرانمان، بۆ گەیاندنی پەیامی زانکۆ و ئەو ئامانجەی کاری بۆ دەکەین پێویستیمان بە هاوکاری زیاتری مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆمان و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی ناوچەکە هەیە.
وتیشی : لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستا ئاراز رمضان بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆ و  مامۆستا ئەمین خدر لێپرسراوی پێشووی ڕادیۆ  بکەم کە هەر لەسەرەتای کردنەوەی ڕادیۆکەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام هاوکاری و پشتگیری ئەوان بووەتە هۆی سەرکەوتنی کارەکانمان ، هەروەها سوپاسی هەموو مامۆستایان و خوێندکارانی خۆبەخش دەکەم کە بەشداری و رۆڵیان هەبووە و شەرەفی خزمەتیان پێ بڕاوە لەم كەناڵەوە.
ڕونیشیکردەوە : کە وەرزی نوێی کارکردنی ڕادیۆکە وەرزێکی پڕ هەگبە و جیاواز دەبێت لە وەرزی ڕابردوو ، تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بەچەندین بڕگە و بەرنامەی زانستی و پەروەردەیی سەردەمیانە خزمەتی بیسەرانمان بکەین ، ئێستاش خەریکی ئامادەکارین بۆ وەرزی نوێی کارەکانمان. ڕادیۆی دەنگی زانکۆی ڕاپەڕین ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨:۳۰ سەرلەبەیانیەوە تا کاتژمێر (٥)ی ئێوارە لەسەر فریکوێنسی 104.1  پەخشی بەرنامەکانی دەکات ، ڕۆژانە دوو گەشتی هەواڵ لەگەڵ ۱۱ بەرنامەی جۆراوجۆری پەروەردەیی و زانستی پێشکەشی بیسەرانی دەکات ، بەرنامەکانی سایەی زانکۆ و چپەی کتێب ڕۆژانەن ، بەرنامەکانی تری وەک ( کوردناسی ، ئاریشە ، سایکۆ فامیلی ، وەرزش ، فێرکاری ئینگلزی ، خوێندکاری سەرکەوتوو ، دەنگدار ، میدیا تۆک ، ئابوری هاوچەرخ) هەفتانە پێشکەش دەکرێن ، بۆ وەرزی نوێی کارکردنی ڕادیۆکە بە چەندین بیرۆکەی نوێ و سەردەمیانە خزمەتی بیسەرانی دەکات.