دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر کردنەوەی بەشی (سامانی ئاژەڵ) بۆ ساڵی خوێندنی (۲۰۱٥-۲۰۱٦) لەزانکۆی ڕاپەڕین، لەئێستادا ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی دەرچوی پۆلی ۱۲ ئامادەیی لەو بەوشە ، بۆ ئەوەی خوێندکاران لەو بەشە درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەو پسپۆڕییە بەدەستبهێنن .
سەبارەت بەوەرگرتنی خوێندکار لەبەشەکە بەڕێز (د.هێرش رسوڵ) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران بە ماڵپەڕی زانکۆی ڕاگەیاند:ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادارکراینەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا رەزامەندی دەربڕیوە کە بۆ ئەمساڵی خوێندن (۲٠۱٥ـ۲٠۱٦) زانکۆی ڕاپەڕین خوێندکار لە بەشی (سامانی ئاژەڵ) وەربگرێت. وتیشی : ئەو بەشە ڕاستەوخۆ سەر بەسەرۆکایەتی زانکۆمان دەبێت، و لە شاری قەڵادزێ دەبێت، پلانیش وایە بۆ ساڵانی ئایندە و لەگەڵ کردنەوەی بەشی دیکە بخرێتە چوارچێوەی فاکەڵتییەکی سەربەخۆوە بە ناوی (فاکەڵتیی کشتوکاڵ). (د.هێرش رسوڵ) ڕونیشیکردەوە : ناوی ئەو بەشە نوێیەی زانکۆی راپەڕین لەناو رێبەری وەرگرتنی خوێندکاراندا نیە بۆ ئەمساڵی خوێندن، بەڵام لە ئێستادا خراوەتە ناو (زانکۆلاین) و خوێندکارانی دەرچوو دەتوانن هەڵیبژێرن. بەشی (سامانی ئاژەڵ) تەنها خوێندکاری دەرچووی لقی زانستی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی وەردەگرێت.