University of Raparin Logo

لەم هەفتەیەدا رەوەندی دووەمی پڕۆژەی ئیراسمۆس مەندوس مەرحەبا دەكرێتەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

بەپێی گشتاندنێكی رەسمی كە لەلایەن تیمی پڕۆژەی ئیراسمۆس مەندۆس مەرحەبا بۆ زانكۆ بەشداربووەكان نێردراوە تێیدا روونكراوەتەوە كە لەرۆژی سێشەممەی داهاتوو 2015/11/17ەوە دەرفەتی پێشكەشكردن بۆ پڕۆژەكە دەكرێتەوە تا ڕۆژی 2016/1/18 بەردەوام دەبێت.

ئاراز رەمەزان رێكخەرو بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئیراسمۆس مەندۆس مەرحەبا لەزانكۆی راپەڕین پێیڕاگەیاندین كە پڕۆژەكە لەزووترین كاتدا رەوەندی دووەمی دەست پێدەكاتەوەو خوازیاران دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن و لەزانكۆی راپەڕینیش تیمی تایبەت هەیە بۆ هاوكاری كردنی خوازیاران و دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان و راگەیاندن بكەن بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاترو رێنمایی دەربارەی پڕۆژەكەو چۆنێتی پڕكردنەوەی فۆڕم و پێشكەشكردنی. وتیشی: پرۆژەی ئیراسمۆس مەندۆس مەرحەبا پڕۆژەیەكی زەمالەی خوێندنە لەنێوان ئەوروپاو زانكۆكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەلایەن زانكۆی سانتیاگۆ دی كۆمپۆستێلا لەئیسپانیا سەرپەرشتیدەكرێت و لەعێراق تەنیا (4) زانكۆی كوردستان توانیویانە لەو پڕۆژەیەدا بەشداربن و زانكۆی راپەڕین یەكێكە لەو زانكۆیانە، هەروەها لە رەوەندی یەكەم كە ساڵی 2014 بۆ 2015 جێبەجێكرا توانرا (4) خوێندكاری زانكۆی راپەڕین زەمالەیان لەسەر پڕۆژەكە بۆ دەربچێت، كە یەك بریتیی بوون لە (2) كورسی خوێندنی دكتۆرا لەپسپۆڕییەكانی كۆمپیوتەرو یاسا لە هەریەك لەوڵاتانی بولگاریاو پرتوگال، هەروەها (1) كورسی ماستەر لەپسپۆڕی پەرستاری لە وڵاتی ئیسپانیا، لەگەڵ (1) كورسی كۆرسی راهێنانی ستاف لەوڵاتی ئیتاڵیا.
باسی لەوەشكرد كە لەزووترین كاتدا هاوشێوەی ساڵی رابردوو لەرێی تیمێكی تایبەت بە ئیراسمۆس لەزانكۆمان هاوكاری خوازیارانی پڕۆژەكە دەكەین و چەند سیمینارێك لەزانكۆ رێكدەخەین.