University of Raparin Logo

د.یوسف گۆران: جێبەجێکردنى ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی ئەرکێکى ئەکادیمى و نیشتیمانیە

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى    وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: بەجێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان، بۆ یەکەمجار بەردى بناغەى کەلتورێکى ئەکادیمى لە کوردستان دادەنێین و، ئەرکێکى نیشتیمانى و زانستى و ئەکادیمیش بەرامبەر بەگەلەکەمان جێبەجێ دەکەین.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەی هەفتانەى وەزارەت هات کە تایبەت کرابوو بەهەڵسەنگاندنى دوا قۆناغەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە, ڕێکەوتى (٢٠١٥/١١/١٧) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران هەوڵ و کارەکانى لێژنەى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکان بەرزنرخاند بەتایبەت لە کۆکردنەوە و ڕێکخستن و داخڵکردنى داتاى سەرجەم زانکۆکان، بۆ ئەوەش ئەندامانى لێژنەکەى ڕاسپارد دواین کارەکانیان بخەنەڕوو.
لەو چوارچێوەیەدا د. شێروان نورى غەفور ئەندامى لێژنەکە بەئامێرى (داتا شۆ) کورتەیەکى لەبارەى گرنگى پڕۆژەکەو چۆنییەتى دانانى میکانزم و پێوەرەکان پێشکەشکرد و ڕاگەیاند: لەماوەى ڕابردودا دواى داڕشتنى میکانزمەکان، پێوەرەکانى ڕێزبەندییەکانمان دیاریکرد کە بریتین لە (٨) هەشت پێوەرى سەرەکى (ستافى زانستى، چالاکى نێودەوڵەتى، چالاکى کەلتورى و پەیوەندى زانکۆ لەگەڵ کۆمەڵگە، توێژینەوەى زانستى، دڵنیایى جۆرى، ئاستى ڕازیبونى خوێندکار لە زانکۆ، کتێبخانە و تاقیگە)، لەهەمان کاتدا لە بەرە ڕۆشنایى ئەو هەشت پێوەردا (٥٩) پێوەرى لاوەکى دانراوە بۆ هەر پێوەرێک نمرەى تایبەت دانراوە، کە کۆى گشتى نمرەکان دەکاتە (١٠٠) نمرە. ڕونیشیکردەوە لەماوەى ڕابردودا لێژنەکەیان زیاتر لە (٣٠٠) سێ سەد سەعات کارى کردوە، وتیشى پڕۆسەکە پڕۆسەیەکى قورس و ئاڵۆز بووە، بەڵام دەسکەوتى باشى تێدا بەدى دەکەین و، گرنگى ئەم پرؤژەیە لەوەدا دەبینین کە دەتوانرێت بەهۆیەوە سەرلەنوێ پێناسە بۆ زانکۆکان و بەشەکان بکرێتەوە، هەروەک کاریگەرى زۆریشى لەسەر بەرەوپێشبردنى ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەبێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.کەنعان حەمە غەریب ئەندامى لێژنەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان، وردەکارى زیاتر پڕۆژەکەى بۆ ئامادەبوان باس کردو ڕاگەیاند: لەم پڕۆسەیەدا هیچ ئەرک و ماندوبونێکى زانکۆ بەهەدەر نەچوەو سەرجەم ئەو داتاو زانیاریانەى کە هەیانە بەڕێگەى ئۆنلاین ڕێگە بەزانکۆکان دراوە و، خۆیان خستویانەتە ناو پڕۆسەکەوە، وتیشى ئەم ڕیزبەندییە سەرجەم داتاو زانیارى زانکۆکان لە ڕێکەوتى (٢٠١٤/٩/١) تا (٢٠١٥/٨/٣١) دەگرێتەوە، ئاشکراشیکرد بەپشت بەستن بەو ڕیزبەندییە دەتوانرێت سەرلەنوێ پڕۆسەى خوێندن لە کوردستان دابڕێژرێتەوە، لە کۆتایى قسەکانیدا د.کەنعان حەمە غەریب وتى: ئەو پڕۆسەیە لەناو سیستمێکى ئەلیکترۆنى شەفاف ڕێکخراوەو، زمانى ژمارەو داتا قسە دەکات و، مرؤڤ هیچ ڕۆڵێکى تێدا نیە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا د.سەڵاح ئیسماعیل ئەندامى لێژنەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیاند: لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیەدا ستراتیژى وەزارەت بایەخى زۆرى پێدراوە بەتایبەت لە دڵنیایى جۆرى و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، ڕونیشیکردەوە ئەوەى لەم پڕۆسەیەدا گرنگە چەندە کارو چالاکیەکانى زانکۆکان لەگەڵ ستراتیژى وەزارەتدا یەک دەگرێتەوە، وتیشى پێویستە شانبەشانى بایەخدان بەکاروچالاکیەکانى خۆیان  زانکۆکان بایەخ بەتوێژینەوەو بەشداریکردن لە کۆڕو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکانیش بدەن، هەر لە قسەکانیدا د.سەڵاح ئیسماعیل لایەنەکانى دیکەى پڕۆسەکەو گرنگیەکەى بۆ ئامادەبوان شیکردەوەو بەدەسکەوتێکى گەورە بۆ بوارى زانست و ئەکادیمی لە کوردستان لە قەڵەمیدا.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و سەرۆکى لێژنەى باڵاى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیاند: ئەوەى جێگەى خۆشحاڵیە ئەم پڕۆژەیە لەسەردەستى شارەزاو کەسانى پسپۆڕى خۆماڵى بەسود وەرگرتن لە ئەزمونى وڵاتان گەیشتۆتە ئەو قۆناغەى ئێستا، وتیشى لەسەرەتایى جێبەجیکردنى پڕۆژەکەدا جۆرێک لە دودڵى لاى زانکۆکان هەبوو، لەهەمان کاتدا کێشە لەسەر کۆکردنەوەى داتاو زانیارى لە زانکۆکان هەبوو، بەڵام کاتێک کە جەنابى وەزیرى چەندین کۆڕو سمنیارى کردو لە کۆبونەوە رەسمى و ناڕەسمیەکاندا لایەنە باشەکانى پڕۆژەکەى باسکرد و، دواتریش حکومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشى خۆى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دوپات کردەوە، ئینجا زانکۆکانیش بۆیان ڕون بوەوە کە پڕۆژەکە بۆ خزمەتکردنى خۆیان و پێشکەوتنى زانکۆکانیان و بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگەیە، بۆیە بەدەم پڕۆژەکەوە هاتن و هاریکارى لێژنەکە بون لە کۆکردنەوەو پێدانانى داتاو زانیارى بە لێژنەکە، لە ئەنجامدا قۆناغەکانى پڕۆسەکە یەک بەدواى یەکتر هاتن. د.ئامانج سەعید ڕاشیگەیاند: گرنگى ئەنجامەکانى ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە دەبێتە کلیلى بریاردان و قسەکردن لەسەر داهاتوى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کوردستان، لەهەمان کاتدا دەتوانین باشتر پەنجە لەسەر برینەکان دابنین و چارەسەرى پێویستیان بۆ بکەین. لە کۆتایشدا ڕاگەیاند: ئەم پڕۆژەیە بەرچاوڕونیک دەداتە وەزارەت بۆ ئەوەى سیاسەتى داهاتوى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەر دابڕێژێت، سوپاسى وەزیرى خویندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد کە پاڵپشتى سەرەکى سەرخستنى هەنگاو بەهەنگاوى پڕۆژەکە بوە، ئاشکراشیکرد سەرەتایى مانگى داهاتوو کۆتایى بەکارەکانیان دەهێنن و، بۆ یەکەمجار لە مێژودا دەتوانین ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ڕابگەێندرێ.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەربارى دەستخۆشیکردن لەو کارو چالاکیانەى لەماوەى ڕابردوو لێژنەکە ئەنجامیانداوە ڕاگەیاند: بەجێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە دەبێت زانکۆکان درک بەوە بکەن کە لە ژێر فشارى ئاداکردندان و، هەست بەوە بکەن کە سیستەم و پێوەرێک هەیە بۆ ئەوەى کارى باشتر بکەن، وتیشیى ئەم سیستەمە دەبێت لە هەمومان بکۆڵێتەوە کە چیمان کردوە، ئایا ئەو داهاتەى کە حکومەت لە کەرتى خوێندنى باڵا خەرجی دەکات ئەوەندە بەرهەمى هەیە بۆ کۆمەڵگە؟، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: جیبەجێکردنى ئەم پڕۆسەیە وا دەکات باشتر وەڵامى ئەو پرسیارە بدەینەوە، جگە لەوەش جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە وەک چۆن ئەرکیکى زانستى و ئەکادیمیە لەهەمان کاتدا ئەرکیکى نیشتمیانى و نەتەوەیە بەرامبەر بەگەلەکەمان و هیچى لەسەنگەرەکانى خەبات و بەرگرى کەمتر نیە بۆ خزمەتکردن بە ڕۆڵەکانى نیشتیمان و دابینکردنى دوا ڕۆژێکى گەش و ڕوناک بۆ نەوەکانمان، وتیشى خاڵێکى دیکەى گرنگى ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە بەهۆیەوە دەتوانین کار بکەین بۆ بەستانداردکردنى خوێندنى باڵا لە کوردستان و، کێبڕکێى زانستى لەگەڵ وڵاتانى پێشکەوتوو بکەین.   لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا لەلایەن ئامادەبوانى کۆبونەوەکە کە بریتیبون لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرى گشتى و جێگرانى بەڕێوەبەرە گشتیەکان چەند سەرەنج و بۆچونێک سەبارەت بەلایەنەکانى پڕۆژەکە خرایەڕوو.
http://www.mhe-krg.org/ku/node/2553