ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٥/١۱/۱٨ لەهۆڵی چالاکیەکانی زانکۆ ڕاپەڕین بەبۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی کردنەوەی پەخشی ڕادیۆی "دەنگی زانکۆی ڕاپەڕین" مەراسیمێکی شایستە سازکرا.
ڕادیۆی دەنگی زانکۆی ڕاپەڕین ڕۆژی ۲۸ / ۱۰ / ۲۰۱٤ لەمەراسیمێکدا کرایەوە و لەسەر فریکوێنسی 104.1 پەخشی بەرنامەکانی دەستپێکرد.
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا بەڕیز "م.ئاراز رمضان" بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکان و ڕاگەیاندنی زانکۆ بەخێرهاتنی ستافی سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرجەم میوانەکانی کرد و، هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ ستافی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ خواست، پشتگیری خۆی بۆ ستافی ڕادیۆکە دووپاتکردەوە.
دواتر بەڕێز "پ.د.محمد علی " سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ سوپاسی ستافی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی زانکۆ و ستافی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە هاوکاری و پشتگیری ڕادیۆی دەنگی زانکۆیان کردووە، وتیشی: دەخوازین ڕادیۆی دەنگی زانکۆ بەردوام بێت لەگەیاندنی پەیامە زانستییەکەی زانکۆ بەناوە و دەرەوەی زانکۆ وەک چۆن لە ڕابردودا ئەو کارەی کردووە.
هەر لە مەراسیمەکەدا بەڕێز "د.هێرش رسول" پسپۆڕی بواری ڕاگەیاندن وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا وێڕای پیرۆزبایی لەستافی ڕادیۆکە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ تا ئەمڕۆ بەردوام هاوکار و پاڵپشتی ڕادیۆکە بوون، وتیشی: پێویستە بەرنامەکانی ڕادیۆکە زیاتر پەرەیان پێبدرێت، بۆ ئەوەی وەک تاکە ڕادیۆی حکومی لە دەڤەرەکە لەڕێگەی پەیامە زانستییەکەیەوە بتوانێت ببێتە ئامڕازی بەستنەوەی زانکۆ بە کۆمەڵگە، ڕادیۆکە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ کردنەوەی بەشی ڕاگەیاندن لەزانکۆی ڕاپەڕین .
دواتر زنجیرەیەکی دۆکۆمینتاری سەبارەت بە دروستبوون و بەرنامەکانی ڕادیۆکە پێشکەشی ئامادەبووان کرا .
هەر لە مەراسیمەکەدا بەڕێز "محمد ئەنوەر" لێپرسراوی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ وتی : ئێمە وەک ستافی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ سەرەڕای هەبوونی چەندان کێشە و گرفتی دارایی بەڵام خۆشبەختانە توانیومانە ڕادیۆکە بکەینە ئامڕازێک بۆ گەیاندنی پەیامە زانستییەکەی زانکۆ بەستافی زانکۆمان و سەرجەم خوێندکاران و بیسەرانی لەدەرەوەی زانکۆ، هەروەک لە ڕێگەی چەندین بڕگە و بەرنامەی جۆراوجۆرەوە هەوڵمانداوە زۆرترین زانیاری زانستی و پەروەردەیی بگەیەنین بەبیسەرانمان، بۆ گەیاندنی پەیامی زانکۆ و ئەو ئامانجەی کاری بۆ دەکەین پێویستیمان بە هاوکاری هەمەلایەنە هەیە.
وتیشی : لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێزان "د.هێرش رسول" و "م.ئاراز رمضان" وەک پسپۆڕی بواری ڕاگەیاندن، کە هەر لەسەرەتای کردنەوەی ڕادیۆکەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام هاوکاری و پشتگیری ئەوان بووەتە هۆی سەرکەوتنی کارەکانمان ، هەروەها سوپاسی هەموو مامۆستایان و خوێندکارانی خۆبەخش دەکەم کە بەشداری و رۆڵیان هەبووە و شەرەفی خزمەتیان پێبڕاوە لە ڕادیۆی دەنگی زانکۆ.
ڕونیشیکردەوە : کە وەرزی نوێی کارکردنی ڕادیۆکە وەرزێکی پڕ هەگبە و جیاواز دەبێت لە وەرزی ڕابردوو ، تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بەچەندین بڕگە و بەرنامەی زانستی و پەروەردەیی سەردەمیانە خزمەتی بیسەرانمان بکەین ، ئێستاش ئامادەکارییەکان تەواو بوون بۆ وەرزی نوێی کارەکانمان.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا سوپاسنامەی سەرۆکایەتی زانکۆ بە هەموو ئەو کەسانە درا کە لەماوەی ساڵێکی کارکردنی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ، بەردەوام هاوکاری و پشتگیری ڕادیۆکەیان کردووە. ڕادیۆی دەنگی زانکۆی ڕاپەڕین ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨:۳۰ سەرلەبەیانیەوە تا کاتژمێر (٥)ی ئێوارە لەسەر فریکوێنسی 104.1 پەخشی بەرنامەکانی دەکات ، ڕۆژانە دوو گەشتی هەواڵ و( ۱۱ )بەرنامەی جۆراوجۆری پەروەردەیی و زانستی پێشکەشی بیسەرانی دەکات ، بەرنامەکانی سایەی زانکۆ و چپەی کتێب ڕۆژانەن ، بەرنامەکانی تری وەک ( کوردناسی ، ئاریشە ، سایکۆ فامیلی ، وەرزش ، فێرکاری ئینگلزی ، خوێندکاری سەرکەوتوو ، دەنگدار ، میدیا تۆک ، ئابوری هاوچەرخ) هەفتانە پێشکەش دەکرێن ، بۆ وەرزی نوێی کارکردنی ڕادیۆکە بە چەندین بیرۆکەی نوێ و سەردەمیانە خزمەتی بیسەرانی دەکات.