University of Raparin Logo

چۆن بەشێوەیەکی خێرا خۆت فێری زمانێکی نوێ دەکەیت

چاپکردن ئیمەیڵ

ماتیوو یۆڵدن کۆمەڵناسە و دەتوانێت بە ۹ زمانی جیاواز زۆر بەباشی قسە بکات و بنوسێت، زمانەکانیش بریتین لە (ئیرلەندی، ئەڵمانی، ئیگلیزیی، ئیسپانی، پورتوگالی، فەڕەنسی، عیبری، ئیتاڵی، کەتەلانی).

ئەو لەئێستادا بەردەوامە لەزیادکردنی ژمارەی ئەو زمانانەی کە دەیەویت بیزانێت و سەرقاڵی فێربوونی زمانەکانی (هۆڵەندی، ئەفریقی، ئۆکرانی، سڕبی، کرواتی)یە. ئەمانەی خوارەوە چەند ئامۆژگارییەکن لەلایەن ماتییو بۆ ئەو کەسانەی کەدەیانەوێت فێری زمانێکی نوێ ببن بەشێوەیەکی باش و خێرا. ۱ - بزانە بۆچی ئەتەوێت فێری ئەو زمانە ببیت
ئەگەرهۆکارێکی دیاریکراوت هەبێت بۆ فێربوونی زمانێکی دیاریکراو، ئەوا چانسی فێربوونت زیاترە، بەهۆی ئەوەی کەبەردەوام هاندەرێک دەبێت کە پاڵت پێوە بنێت بۆ بەردەوام بوون وهەوڵدان و کۆڵنەدان، بۆ نموونە رەنگە بتەوێت فێری زمانی فەڕەنسی ببیت بۆ ئەوەی بتوانیت لەگەڵ هاوڕێیەکی فەرەنسیت قسە بکەیت. ۲- هاوڕێیەک بۆخۆت بدۆزەرەوە
ماتیوو فێری چەندین زمانی جیاواز بووە بەیەکەوە لەگەڵ براکەیدا، ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە بەردەوام لەکێبڕکێدا بوو لەگەڵ براکەیدا لەسەر فێربوونی زمانێک بەشێوەیەکی باشتر، بۆیە هەبوونی هاوڕێیەک لەگەڵتدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام بەیەکەوە لە پێشبڕکێدا بن و سوود بە یەکتری بگەیەنن. ۳- لەگەڵ خۆتدا قسەبکە
گەر کەس نییە قسەی لەگەڵدا بکەیت بەو زمانە نوێیەی کەدەتەوێت فێری بیت، ئەوا دەتوانیت قسە لەگەڵ خۆتدا بکەیت، ئەم رێگایە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەربڕین وشەی نوێ بەردەوام لەمێشکتدا بوونیان هەبێت و متمانەت بەخۆت زیاتر بێت کاتێک جاری داهاتوو لەگەڵ کەسێکدا قسەدەکەیت. ٤- خۆشی لێ ببینە
ماتیوو ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی و براکەی لە رێگەی نوسین و تۆمارکردنی گۆرانییەوە خۆیان فێری زمانی یۆنانی کرد لە تەمەنی 8 ساڵیدا، بیر لە رێگایەکی جیاواز بکەرەوە بۆ فێربوونی ئەو زمانەی ئارەزووت لێییە، بۆ نموونە دەتوانیت هۆنراوەی پێ بنووسیت یاخوود وێنەی کاریکاتێری کۆمیدی بەو زمانە نوێیە دروست بکەیت یان گۆرانی پێ بلێیت. ٥- گوێ بگرە
پێویستە پێش قسەکردن خۆت لەسەر گوێگرتن رابهێنیت، هەموو زمانێک لەسەرەتادا سەیر و سەمەرە دیارە، بەڵام هەتا زیاتر بەرکەوتن و ئاشنایەتیت هەبێت لەگەڵ ئەو زمانەدا، ئەوا فێربوونی ئەو زمانە و وتنەوە وخونێندنەوەی پیتە نوێکانی ئاسانتر دەبێت. ٦- سەیری خەڵکی بکە لە کاتی قسەکردندا
هەر زمانێکی جیاواز پێویستی بەوەیە کە بەشێوەیەکی جیاواز زما‌‌‌ن ولێو و قوڕگت لەکاتی قسە پێکردنیدا بەکاربهێنی، دان پێدانانی وشەیەکیش چەند پەیوەندی بە لایەنی فیزیایی لەشەوە هەیە، هێندەش پەیوەندی بەلایەنی دەروونییەوە هەیە.
بۆیە  پێویستە سەیری کەسانی رەسەنی ئەو زمانە بکەیت لەکاتی قسەکردنیاندا کە چۆن وشە جیاوازەکانی ئەو زمانە بەدەم دەڵێن و دەیخوێننەوە، سەیرکردنی فلیمە بیانییەکان بەرێگایەکی زۆر باش و کاریگەر دادەنرێت بۆ فێربوون و خوێندنەوەی ئەو وشانەی بەلاتەوە قورسە وتنیان. ۷- خوێندنەوەی پەرتووک
خوێندنەوەی پەرتووک بەو زمانە نوێیەی کە بەنیازیت فێری بیت زۆر گرنگە وکاریگەرە، دەبێتە هۆی فێربوونی وشە ودەربرینی نوێ وباشترکردنی تێگەیشتنت بۆ رێزمانی ئەو زمانە نوێییە.