بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بەدەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى مۆڵەتى کارکردنى بە حەوت پەیمانگەى تایبەت دا، کە بۆ ئەمساڵى خوێندن خوێندکار وەردەگرن.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دواى ئەوەى لە ماوەى ڕابردودا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ یەکەمجار ڕێنمایى پەیمانگە تایبەتەکانى دەرکرد، بەپێی ڕێنمایى ژمارە (٥) کە تایبەتە بە کردنەوەى پەیمانگەى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک پڕۆپۆزەڵ بۆ کردنەوەى پەیمانگەى تایبەت پێشکەش بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرابوون، دواتریش لەلایەن لێژنەى باڵاى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم پڕۆپۆزەڵەکان کرا، بەڕەچاوکردنى ڕێنماییەکان و ئەنجامى هەڵسەنگاندنەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئیمزاى لەسەر کردنەوەى حەوت پەیمانگەى تایبەت لە شارو شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان کرد. وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیشیکردنەوە ئامانج لە کردنەوەى ئەو پەیمانگەیانە ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترى خوێندنە بۆ دەرچوانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی کۆنمرەیان لە خوار (٥٥٪)وەیە. هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە پێدانى مۆڵەت بەو پەیمانگەیانە جگە لە بوارى وێژەیى و زانستى ڕەچاوى بوارى پیشەییش کراوە تا لەو ڕێگەیەوە پێداویستیەکانى ئەمڕۆى بازارەکانى هەرێمى کوردستان پر بکرێتەوە. وتیشى کردنەوەى ئەو پەیمانگەیانە پاڵپشتى پڕۆژەکانى وەزارەت دەبێت بۆ بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان. عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند: ئەو پەیمانگەیانە لە ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)ەوە خوێندکار وەردەگرن بریتین لە (پەیمانگەى تەکنیکى پایتەخت لە هەولێر، پەیمانگەى تەکنیکى کوردستان لە سلێمانى، پەیمانگەى تەکنیکى دهۆکى تایبەت، پەیمانگەى تەکنیکى تایبەت لە کەلار، پەیمانگەى هەیبەت سوڵتان لە کۆیە، لقى پەیمانگەى ڕواندز لە هەولێر و لقى پەیمانگەى ڕواندز لە ئاکرێ). بەمەش لەگەڵ پەیمانگەى هەولێر بۆ نەوت و پەیمانگەى تەکنیکى ڕواندزى تایبەت کە پێشتر مۆڵەتیان پێدرابوو، ژمارەى پەیمانگە تایبەتەکان بووە (٩) پەیمانگەى تایبەت لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان.