University of Raparin Logo

د.یوسف گۆران:دانپیانان بەزانکۆ تایبەتەکان لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە

چاپکردن ئیمەیڵ

بەئامانجى تاوتوێکردنى پڕۆژەى یاساى زانکۆ تایبەتەکانى حکومەتى عێراقى و، دیاریکردنى پێگەى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەو پڕۆژەى یاساییە، بەئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى ( ۲٥ / ۱۱ / ۲۰۱٥)  لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، د.شێرکۆ میرزا مەنگوڕى سەرۆکى لێژنەى خوێندنى باڵاى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و، د.بێروان خەیلانى ئەندامى لێژنەکە و سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەى لایەنەکانى ئەو پڕۆژەى یاسایە کرا.

لەسەرەتایى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: گفتوگۆکردن لەبارەى دانپیانانان بە زانکۆ تایبەتەکاتى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى عێراقى بەشێکە لەو کێشانەى کە هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغداد هەیەتى، وتیشى ناتوانین بیر لە چارەسەرکردنى ئەو کیشەیە بکەینەوە بەبێ ئەوەى بیر لە کیشەکانى دیکەش نەکەینەوە کە لە نێوان هەولێر و بەغداد هەیە. هەر لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران ستایشى ڕۆڵى سەرۆکى لێژنەى خوێندنى باڵا و ئەندامانى کورد کرد لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە لە پەیوەندى بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە، وتیشى هەموو هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە تا ئەو کێشەیە کاریگەرى لەسەر داهاتوى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و خوێندکارانمان نەبێت، چونکە دانپیانەنان بەزانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقیەوە لەسەر ئاستى دەرەوەى کێشەى بۆ دروست کردوین. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەک وەزارەت پێمان وایە دانان بەزانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بەپێیى مادەکانى دەستور لە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستاندایە، بەڵام دەبێت جۆرێک لە هەماهەنگیمان لەگەڵ بەغداد هەبێ، هیواشى خواست لەڕێگەى ئەو کۆبونەوەیە گفتوگۆیەکى جدى بکرێ تا کۆمەڵێک پێشنیاز گەڵالە بکرێن و لەو پڕۆژەى یاسایە جێگەى بکرێتەوە کە تایبەتە بەزانکۆ تایبەتەکانى عێراق و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سەرقاڵى پەسندکردنیەتى. لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.شێرکۆ میرزا مەنگوڕى سەرۆکى لێژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وتەیەکى پیشکەش کرد، لە وتەکەیدا دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى کێشەکانى خوێندنى باڵا لە عێراق خستەڕوو، ڕاشگەیاند: کۆمەڵێک کۆلێژ لە سنورى دەسەڵاتى حکومەتى عێراقى کراوەتەوە هیچ بنەمایەکى قانونی و مۆڵەتى کارکردنیان نیە، بۆیە بۆ ڕێکخستنەوەى خوێندنى تایبەت لە عێراق ماوەى ساڵێکە سەرقاڵى ئامادەکردنى ئەم پڕۆژەى یاسایەین تا بەهۆیەوە گرفتى خوێندنى تایبەت کە هەندێ جار گرفتى کۆمەڵایەتیشى بەدواى خۆیدا هێناوە چارەسەر بکەین. د.شێرکۆ میرزا مەنگوڕى ئەوەشى ڕاگەیاند: تێڕوانینى وەزیرى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى عێراقى بۆ زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان هەمان تێڕوانینە کە بۆ زانکۆ تایبەتەکان لە عێراق هەیانە، بەڵام جیاوازییەکى زۆر لە نێوانیاندا هەیە چونکە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى یاسادا ڕێکخراون و لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانەوە دانیانپیانراوە، بۆیە ئێمەش وەک نوێنەرانى کورد لە بەغداد بەلەبرچاوگرتنى ئەو دۆخ و ململانێیەى کە لە نێوان هەولێر و بەغداد لە ئارادایە لە چوارچێوەى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لامان نەداوەو چ شتێک لەبەرژەوەندى خەڵکى کوردستاندا بێت ئێمە هەر ئەوە دەکەین. د.شێرکۆ وتیشی: وەک لێژنەکە بەپیویستمان زانى لە نزیکەوە گوێ لە ڕاو پێشنیازەکانى ئێوە بگرین بۆ ئەوەى لە پەسندکردنى ئەو پڕۆژەیە یاسایە ئەو کێشەى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکرێت و، خوێندکاران و خەڵکى کوردستانیش سودمەند بن. بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئامادەبوانى کۆبونەوەکەوە چەندین پیشنیاز گەڵاڵە کران بۆ ئەوەى لە خستنەڕوى پڕۆژەى یاساى زانکۆ تایبەتەکانى عێراقدا پێشکەش بکرێن و پەسند بکرێن.