University of Raparin Logo

 سەرۆکی زانکۆ سیمینارێک بۆ مامۆستایان ساز دەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ دوو شەممە ۳۰ / ۱۱ / ۲۰۱٥ لە هۆڵی چالاکییەکانی فاکەڵتی پەروەردەی قەڵادزێ، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین بەڕێز (پ.د.محمد علی ) بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری فاکەڵتی پەروەردەی قەڵادزێ، سیمینارێکی بە ناونیشانی ( ڕۆڵ و کاریگەری زانکۆ لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە ) بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی فاکەڵتییەکە سازکرد .

لەسەرەتادا سەرۆکی زانکۆ بەگشتی باسی لە جۆرەکانی زانکۆ کرد لەهەرێمی کوردستان، دواتر باسی لە پەیوەندییەکانی زانکۆ بە کۆمەڵگەوە کرد کە هەر لە دێر زەمانەوە زانکۆ ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری گێڕاوە لە گەشەپێدان و گواستنەوەی کۆمەڵگەکان بە ئاڕاستەی داهاتوویەکی گەشتر و پێشکەوتووتر.
پاشان سەرۆکی زانکۆ باسی لەوەکرد کە چۆن زانکۆ وەکو دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی بتوانێت ببێتە ڕێپیشاندەری کۆمەڵگە ئەویش لەڕێگەی ڕاهێنانی هێزی کارەوە،  هەروەک چۆن زانکۆکان دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵا و دامەزراوەریەکی کۆمەڵایەتین ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینن لە پێشکەوتندا ئەویش لە ڕێگەی ( توێژینەوە ، فیرکردن ، خزمەتکردنی کۆمەڵگە) .
دواتر سەرۆکی زانکۆ باسی لەوە کرد کە‌ چۆن مامۆستایان و ستافی زانکۆ بتوانن کەسێکی ئەکادیمی و شیاو بۆ بازاڕی کار ئامادە بکەن کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و داهێنانەکانی تەکنەلۆژیا بگونجێت .
لەکۆتاییدا بەڕێز ( پ.د.محمد علی) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین دەستخۆشی لە ڕاگر و ستافی فاکەڵتی پەروەردەی قەڵادزێ کرد، کە سەرەڕای قەیرانی دارایی و چەندین کۆسپی تر بەڵام ئەوان لە کۆششەکانیان بۆ خزمەتکردنی خوێندکاران و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی لە دەڤەرەکە کەمتەرخەم نەبوون و بوێرانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاندووە .