ئەمڕۆ چوار شەممە ۲ / ۱۲ / ۲۰۱٥ دەستەی ئامادەکاری رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان (٢٥ نۆڤێمبەر) لەدرێژەی کاروچالاکیەکاندا لەھەڵمەتی ١٦ رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی زانکۆی راپەڕین سیمینارێکی بۆ بەڕێز ( لوقمان حاجی ) بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی راپەڕین، بە ناونیشانی ( ٢٥ی نۆڤێمبەر و چەند سەرنجێک ) ڕێکخست.
لەسیمینارەکەدا ئاماژە بە بنەواشەی یادەکە " ٢٥ی نۆڤێمبەر" و کورتەیەکی مێژوویی بزاوتی ژنان بەگشتی و ژنانی کوردستان بەتایبەتی درا.
هەروەک چەندین ئاماری جیھانی و ناوخۆیی و شوێنکارە نەرێنییەکانی توندوتیژی دژی ژنان بۆ ئامادەبووان خرانەڕوو، ھەر لە سیمینارەکەدا ئاماژە بەرێککەوتننامەکانی تایبەت بەمافەکانی ژنان درا، لەگەڵ پێگەیاندنی ژنان لەدەسەڵاتەکانی ھەرێمدا و چەندین زانیاری و سەرنجی ورد و زانستی دەربارەی رەوتی ژنان لەھەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی دەسەڵات و کارو پێگەی سیاسی ژنان ڕوونکرانەوە.