University of Raparin Logo

وەزیری خوێندنی باڵا: دەبارەی خوێندکارانی وەرگیراو لەزانکۆ و پەیمانگاکان دەدوێت

چاپکردن ئیمەیڵ

لە دیمانەیەکی تایبەتدا بەڕێز "د.یوسف گۆران " وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە دەربارەی پرۆسەی "زانکۆلاین" و شێوازی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.

 وەزیری خوێندی باڵای حکومەتی هەرێم دەربارەی ئەو خوێندکارانەی تێکڕایی نمرەکانیان لە سەرو ٦٣ ەوە بووە ناویان لە زانکۆ حکومییەکان نەهاتۆتەوە وتی: ئەو خوێندکارانە ژمارەیان زیاترە لە (٢٠۰٠) خوێندکار، ئێمە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەدەین و هیوایەک هەیە بۆ ئەمساڵ ناویان لەزانکۆ حکومییەکان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو خوێندکارانەی تێکڕایی نمرەکانیان لە ٦٣ یە یاخود کەمتر بووە و ناویان لە زانکۆ حکومییەکان نەهاتۆتەوە ساڵێکی تر دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.

"د.یوسف گۆران " وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم  ڕایگەیاند: لە ساڵی ڕابردووەوە هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دروستکردووە بۆ ئەوەی کێشەی دواکەوتنی دەوامی خوێندکارانی ساڵی یەکەمی زانکۆکانی هەرێم چارەسەر بکەن.

دەربارەی گرنگیدان بە زمانی بیانی لە زانکۆکانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد: بایەخدانی زیاتر بە زمانە بیانییەکان لەسەرجەم زانکۆکانی هەرێم بەرنامەی کاری داهاتووی وەزارەتی خوێندنی باڵایە و وەک یەکەم هەنگاویش خوێندنی کۆلێژی یاسا کراوە بە پێنج ساڵ کەساڵی یەکەم بۆ فێربونی زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی دانراوە.

"د.یوسف گۆران" وتیشی: لە بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵادایە ساڵێکی تر هەندێک بەش لە زانکۆ حکومییەکاندا بە زمانی ئینگلیزی بکەنەوە.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەربارەی گواستنەوەی خوێندکاران لە نێوان زانکۆکاندا وتی : وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵی پار بەبڕیاێک گواستنەوەی خوێندکارانی لەنێوان زانکۆکانی هەرێم ڕاگرت، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندن بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەی نیشتەجێ بوونی خوێندکاران لە بەشەناوخۆییەکان، ئێمە ئەو دەسەڵاتەمان دابەزاندووە بۆ زانکۆکان و خۆیان دەسەڵاتی گواستنەوەی خوێندکارانیان هەیە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت.

ڕۆژی ٦ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ ناوی خوێندکارە وەرگیراوەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیەنرا، بەپێی ئامارەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥ - ٢٠١٦،زیاتر لە ٣٤ هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەرگیراون.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو لە بەشی زانستی ٤٤٢،١ بووە واتە ٦٣، هەروەها لە بەشی وێژەیش ٤٤١،١٧ بووە کە دەکاتە ٦٣،٢٤.