زانکۆی ڕاپەڕین بە مەبەستی بە ئەلکترۆنیکردنی سیستمی وەرگرتنی خوێندکاران و ڕێکخستنی دۆسییەکان،لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتی پسپۆڕەوە بەسەرپەرشتی بەڕێز "د.هێرش رسول" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان، ڕاگەیاندن و تەکنەلۆجیای زانیارییەکان و تۆماری گشتی زانکۆی ڕاپەڕین بەرنامەیەکی تایبەت ئامادەکراوە، بۆ ئەوەی خوێندکارانی تازە وەرگیراو لەزانکۆکە فۆڕمی زانیاری خوێندکار "فۆڕمی خۆتۆمارکردن" لەسەر ماڵپەڕی فەرمی زانکۆ پڕبکەنەوە.
بەپێی ئەو سیستەمە، بۆ لەمەودوا دۆسیەی خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنییەوە دەپارێزرێت، هەروەک سیستمەکە کارئاسانی دەکات بۆ ئەو خوێندکارانەی ناویان لەزانکۆی ڕاپەڕین هاتووەتەوە، چونکە خوێندکارانی تازە وەرگیراو فۆڕی خۆتۆمارکردن و فۆڕمی بەڵێن نامەی زانکۆیی بەشێوەی ئەلکترۆنی پڕ دەکەنەوە.
جێی ئاماژەیە ئەم سیستمە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت و لە هەنگاوی یەکەمی سیستمەکەدا فۆڕمی زانیاری خوێندکاران "فۆڕمی خۆتۆمارکردن" بەشێوەی ئەلکترۆنی دەکەوێتە کار و پێویستە سەرجەم ئەو خوێندکارانەی کە ئەمساڵ لەزانکۆی ڕاپەڕین وەرگیراون فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە، لە ڕۆژانی داهاتوو فۆڕمەکە دەکەوێتەکار .