وتەبێژی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن لە هەوڵداین بۆ ئەوەی کۆلێژی ئێواران لە زانکۆ حکومیەکان بکەینەوە و وەرگرتنى خوێندکار لەو کۆلێژانەش "پێنج" نمرە کەمترە لە بەیانیان.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند "لە ئەمساڵدا لە هەوڵداین بۆ کردنەوەى کۆلێژى ئێواران لە زانکۆى حکومییەکانى هەرێمى کوردستان".
وتیشی: ڕۆژى ١١ى کانونى دووەمى ٢٠١٦وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی کوردستان کۆبووتەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا بڕیاردرا بە کردنەوەی کۆلێژی ئێواران بۆ ساڵی خوێندنی ۲۰۱٥- ۲۰۱٦ لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم .
عەباس ئەکرەم ئەوەشى وت "پێشتر ڕێنمای هەبووە بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ئێواران بۆ ئەمساڵ".
وتەبێژى خوێندنى باڵا ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، دەسەڵات دراوە بە زانکۆکان دەست بکەن بە پروسەکە بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئەمساڵەوە ئەو خوێندکارانەی دەیانەوێ لە خوێندنی ئێواران بخوێنن و درێژە بە خوێندن بدەن".
عەباس ئەکرەم ڕونیشکردەوە، وەرگرتن لە کۆلێژەکانی ئێواران پێنج نمرە کەمترە لە وەرگرتنیان لە کۆلێژەکانی بەیانیان".
ناوبراو ئەوەشى وت "تا ئێستا دیاری نەکراوە کە چەند قوتابی وەردەگیرێن لە خوێندنی ئێواران، بەڵام خوێندنی ئێواران بەپارەیەکى کەم و ڕەمزییە".
لەماوەى پێشودا وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى مۆڵەتى کارکردنى بە حەوت پەیمانگاى تایبەت دا، بۆ ئەوەى کەمکردنەوەى کێشەى وەرگرتنى خوێندن.
سەرچاوە/ NRT