University of Raparin Logo

زانکۆی ڕاپەڕین پێشوازی لە وەفدێکی پڕۆژەی ئیراسمەس مەندوس مەرحەبا کرد

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ چوار شەممە ۲۰۱٦/۱/۱۳ ، لە چوارچێوەی سەردان و بەسەرکردنەوەی زانکۆکانی ئەندام لە پڕۆژەی ئیراسمەس مەندوس مەرحەبا، وەفدێکی پڕۆژەکە کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان "ئینریکی لۆپێز" ڕێکخەری پڕۆژەکە و، پرۆفیسۆر "ئەنسیلمۆ سیۆنی پامپین " هەڵسەنگێنەری دەرەکی پڕۆژەکە، سەردانی زانکۆی ڕاپەڕینیان کرد .

لەگەڵ گەیشتنی وەفدی پڕۆژەکە بە زانکۆی ڕاپەڕین لەلایەن بەڕێز "پ.د.محمد علی" سەرۆکی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی زانکۆوە پێشوازیەکی گەرمکران، دواتر وەفدی پڕۆژەکە لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی پڕۆژەکە کرا وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ ستاف و خوێندکارانی زانکۆ تازەپێگەیشتووەکان، لەناویشیاندا زانکۆی ڕاپەڕین کە ئەندامە لە پڕۆژەکە، هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوکەدا باسی هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆژەکە کرا، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ستاف و خوێندکارانی زانکۆ بەشداربووەکانی پڕۆژەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوانیان لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی لە نێوان زانکۆکاندا .
دواتر وەفدەکە سەردانی فاکەڵتی و سکوڵ و بەشەکانی زانکۆی ڕاپەڕینیان کرد، لە نزیکەوە ئاشناکران بەو پێشکەوتنانەی کە لە زانکۆکەدا بەدەستهاتوون، هەروەها کەموکوڕی و گیروگرفتەکانی زانکۆ بۆ وەفدی میوان خرانەڕوو. " پڕۆژەی ئیراسمەس مەندوس مەرحەبا" پڕۆژەیەکە لەلایەن زانکۆی سەنتیاگۆ لەوڵاتی ئیسپانیا سەرپەرشتی دەکرێت و یەکێتی وڵاتانی ئەوروپا بودجەی بۆ تەرخان دەکات، ئامانجی پرۆژەکە بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و ووڵاتانی ئێران، عێراق و یەمەن لەبواری خوێندنی باڵادا، لەڕێگەی ئەم پڕۆگرامەوە دەتوانرێت ئاڵوگۆڕی خوێندکار و ستافی زانکۆکان ئەنجام بدرێت لەنێوان زانکۆ بەشداربووەکاندا.
بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن ئەرکی سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکەی لە زانکۆی ڕاپەڕین گرتۆتە ئەستۆ، لەو چوارچێوەیەدا چەندین سیمینار و وێرک شۆپی دەربارەی گرنگی پڕۆژەکە بۆ ستاف و خوێندکارانی زانکۆکە سازکردووە .