University of Raparin Logo

وەزارەتی دارایی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاگرت

چاپکردن ئیمەیڵ

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم نوسراوی راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی دەركرد و ئاڕاستەی گشت وەزارەت و فەرمانگەكانی حکومەتی هەرێمی كردووە.

وەزارەتی دارایی بەڕێنمایی ژمارە (۱۱) كە ئەمڕۆ ۲۰۱٦/۱/۲٦ دەرچووە تیایدا هاتووە: پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بنەماكانی یاسای ڕاژەی شارستانی بڕیاردراوە، كە هیچ پلە بەرزكردنەوەیەك بۆ فەرمانبەرانی پلە وەزیفییە گشتیەكان لەهەرێم بۆ ساڵی ۲۰۱٦ ئەنجام نادرێت تاكو پەسەندكردنی بودجەی ۲۰۱٦ی هەرێم. هەروەها لەنوسراوەكەی وەزارەتی ئەوەش هاتووە: فەرمانبەرانی پلە وەزیفیە گشتیەكان كە لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱٦ وە شایستەی پلە بەرزكردنەوە دەبن ، پلەكانیان بەرز ناكرێتەوە، جگە لەوەش فەرمانبەرانی پلە وەزیفییە گشتیەكان كە پلە بەرزكردنەوەیان رادەگیرێت سەرەموچەی ساڵانەی هەمان پلەی خۆیان پێبدرێت. لە کۆتا خاڵی نوسراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە: ئەو فەرمانبەرانەی تا ۲۰۱٥/۱۲/۳۱ شایستەی پلە بەرزكردنەوە بوون، پلەكانیان بەرزدەكرێتەوەو رێنماییەكانی سەرەوە نایانگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر رێكارە كارگێڕییەكانیان كەوتبێتە ساڵی ۲۰۱٦ وە.