لەكۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین لەڕۆژی دوو شەممە لە (٢/١ /٢٠١٦)، دەربارەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و خەرج نەكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دەرماڵەی خوێندكاران و مستحقاتی دارایی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەو چاككردنەوەو ئینتەرنێت، هەروەها كەمكردنەوەی پێشینەكان بەجۆرێك كە زانكۆكانی تووشی كێشەی دارایی كردووە بەبەراورد بەو ڕێژە زۆرەی خوێندكاران كە لەمساڵی خوێندنی (٢٠١٥- ٢٠١٦) لەزانكۆكان ناویان هاتۆتەوە، زانكۆی راپەڕین لەتوانایدابووە نزیكەی (٤٥٠) خوێندكار وەربگرێت بەڵام زیاتر لە (٢) هەزار خوێندكاری بۆ نێردراوە لەناوەندی وەرگرتنی خوێندكارانەوەو لەبەرامبەریشدا پێشینەكان كەمكراونەتەوە.
هەروەها گفتوگۆ كرا لەسەر بایكۆتكردن لێرەو لەوێی زۆرێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكانی هەرێم و زانكۆمان.
ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین زۆر بەپەلەو خێرایی داوا لەحكومەتی هەرێم و وەزارەتەكانی دارایی و ئابوری – خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەكات كە:
١. بەزووترین كات مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دەرماڵەی خوێندکارانی زانكۆ خەرج بكرێت.
٢. كرێی مامۆستایانی سەردان و كرێی كۆمپانیاكان خەرج بكرێت.
٣. زیادكردنی پێشینەی زانكۆمان لە (٣٠) ملیۆن دینارەوە بۆ (٥٠) ملیۆن دینار.
٤. ئەنجومەنی زانكۆمان بەتەواوی پشتگیری داوای مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات و بەداوایەكی رەوای دەزانێت، هەربۆیە لەكاتی بایكۆت كردنی دەوام لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەران حكومەتی هەرێم بە بەرپرس دەزانین لەراگرتن و پەكخستنی دەوامی زانكۆ. لەهەمان كاتدا داوا لەمامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویست دەكەین كە پابەندبن بە دەوام بەئامانجی سەرخستنی پڕۆسەی خوێندن لەپێناو بەرژەوەندی خوێندكاراندا و بەفیڕۆنەدانی ساڵێكی خوێندنیان كە كەسوكاری هەموومانن.
ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین