University of Raparin Logo

لەپێناو بەرژەوەندی خوێندكاران، لەزانكۆی راپەڕین دەوام ئاسایی دەكرێتەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕاگەیاندنی زانكۆی راپەڕین

لەپێناو بەرژەوەندی خوێندكاران و بەفیڕۆنەدانی ئەمساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦)دا بڕیارە لەرۆژی شەممە ٢٠١٦/٢/٦ دەوامی خوێندن لەسەرجەم بەش و فاكەڵتییەكانی زانكۆی راپەڕین ئاسایی بكرێتەوە.

ئەو بڕیارەش لەكۆبوونەوەی سێشەممە ٢٠١٦/٢/٢ ی سەرۆكی زانكۆ و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ڕاگرەكان لەگەڵ سەرجەم سەرۆكی بەشە زانستیەكانی زانكۆی راپەڕین هات كە تیایدا تەوەری بایكۆدكردن و ئاساییكردنەوەی دەوام تاوتوێكرا.

 لەكۆبوونەوەكەدا سەرەڕای قەیرانی دارایی پێنەدانی مووچە بەمامۆستایان و فەرمانبەران و خەرجنەكردنی كرێی مامۆستایانی وانەبێژو دەرماڵەی خوێندكاران، لەپێناو بەرژەوەندی خوێندكاران و بۆ نەفەوتانی ئەمساڵی خوێندنیان بەكۆی دەنگ بڕیاردا مامۆستایان لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەوام ئاسایی بكەنەوە لەپێناو بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن لەزانكۆی راپەڕین، دواتریش ئەم هەڵوێستە خۆبەخشیەی مامۆستایانی زانكۆی راپەڕین لەلایەن سەرۆكی زانكۆ و یاریدەدەرانی بەرز نرخێنرا.

فاكەڵتییەكانی پەروەردەی بنەڕەت و زانستە مرۆڤایەتییەكان و سكوڵی پەرستاری و بەشی بایۆلۆجی لەفاكەڵتی زانست رۆژی شەممە ٢٠١٦/٢/٦ دەست بەدەوام دەكەنەوە، هەروەها فاكەڵتی پەروەردە لەكەمپەسی قەڵادزێ و بەشەكانی كیمیا و فیزیا لەفاكەڵتی زانست لەرۆژی یەك شەممە ٢٠١٦/٢/٧ دەست دەكەنەوە بەدەوام.

شایانی باسە بۆ ماوەی چەند رۆژێك لە ژمارەیەك بەشی زانستی لەزانكۆی راپەڕین دەوام راگیرا، لەبەرامبەریشدا رۆژی ٢٠١٦/٢/١ لەكۆبوونەوەیەكی نائاساییدا ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین یاداشتێكی بڵاوكردەوەو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیشدا رۆژی سێشەممە ٢٠١٦/٢/٢ ناوەڕۆكی یاداشتەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن روونكرایەوە، هەروەها بەنووسراوی رەسمیش ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكرێت.

لەیاداشتەكەدا هەڵوێستی مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕەوا زانراوە و داواش كراوە بەزووترین كات مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دەرماڵەی خوێندكاران و خەرجی كرێی مامۆستایانی سەردان و كۆمپانیاكانی پاككردنەوەو چاككردنەوەو ئینتەرنێت خەرج بكرێن، و پێشینەی زانكۆش زیاد بكرێت بۆ (٥٠) ملیۆن دینار بەهۆی وەرگرتنی رێژەی زۆری خوێندكاران لەمساڵدا، هەروەها ئەوەش روونكراوەتەوە كە لەئەگەری پەككەوتن و بایكۆدكردن و راگرتنی دەوام لەئایندەدا لەزانكۆكانی كوردستان و زانكۆی راپەڕین حكومەتی هەرێم بە بەرپرسی یەكەم دەزانرێت.