University of Raparin Logo

كۆنفڕانسی "گەشەپێدانی راپەڕین و خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ رەهەندەكانی" دەستبەكارەكانی دەكات

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانكۆی راپەڕین

بڕیارە رۆژانی ٦-٧ / ٣ / ٢٠١٦ زانكۆی راپەڕین لە یۆبیلی زیوینی راپەڕیندا كۆنفڕانسی (گەشەپێدانی راپەڕین و خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ رەهەندەكانی) لەهۆڵی چالاكیەكانی راگەیاندن و رۆشنبیری لەناو كەمپی نوێی زانكۆ لەشاری رانیە سازبكات.

كۆنفرانسەكە لەسەر مەزنترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی كوردو تەواوی دەرهاویشتەو ئەنجام و لێكەوتە هزری و سیاسیی و ئیداریی و كولتورییەكانی رێكخراوە، هەروەك لەكۆنفڕانسەكەدا (١٩) توێژینەوەی زانستی لەرەهەندی جیاواز كە لەلایەن توێژەری ئەكادیمیی و خاوەن بڕوانامەی بەرز نووسراون و ئامادەكراون لەگەڵ چەندین چالاكیی دیكەی رۆشنبیری و هونەری پێشكەشدەكرێن .

زانكۆی راپەڕین لە ساڵی (٢٠١٥)وە، لەڕێگەی لیژنەیەكی زانستییەوە كار بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی (گەشەپێدانی راپەڕین و خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ رەھەندەكانی) دەكات.

ئەم كۆنفرانسە، كە ئامانج لە ئەنجامدانی خوێندنەوەی بابەتییە بۆ دەرهاویشتە و ئەنجام و لێكەوتە هزری و سیاسیی و ئیداریی و كولتورییەكانی ڕاپەڕین، ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و لە پێنج پانێڵدا ١٩ توێژینەوەی زانستی تێدا پێشكەشدەكرێن.

شایانی باسە، ئەم كۆنفڕانسە یەكەمین كۆنفڕانسی زانستییە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان کە بەشێوەیەكی ئەكادیمی لەسەر راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١)سازكرابێت، راپەڕینی ٥ئاداری ١٩٩١ لەشاری رانیەوە كڵپەی سەند هەربۆیە لەئێستادا شارەكە بە (دەروازەی راپەڕین) بانگدەكرێت و ئەم راپەڕینە مەزنە تا نەورۆزی هەمان ساڵ سەرجەم شارەكانی كوردستانی گرتەوە و لەدەستی رژێمی دیكتاتۆری بەعس، كوردستان بەیەكجاری رزگاركرا، و بەرئەنجامی راپەڕینەكەش دروستكردنی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی كوردستانی باشوری لەمێژووی هاوچەرخی كورددا هێنایە كایەوە.

تەواوی کارنامەی کۆنفرانسی (گەشەپێدانی راپەڕین و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ رەھەندەکانی) بەشێوەی PDF .