University of Raparin Logo

توێژینەوەیەك: جیاوازی جیناتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەجۆرەكانی تری كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

چاپکردن ئیمەیڵ

توێژەرانی ووڵاتی چین هەڵساون بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک لە بارەی پێکهاتەی جیناتی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV)، وە جیاوازی لە جیناتی جۆرەکانیتری ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە گۆڤاری زانستی (Cell Host & Microbe) لە ٧/٢/٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناونراوە “2019-nCoV” بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی ئەم پەتا جیهانیە (هەوکردنی سیەکان).
کۆرۆنا ڤایرۆس بە گشتی کۆئەندامی هەناسە و هەرس تووشدەکات، کە لە ڕووی جیناتەوە دابەشدەکرێن بەسەر چوار ڕەگەزدا (genera) کە برێتین لە: Alphacoronavirus, Betacoronavirus, Gammacoronavirus, and Deltacoronavirus
تەنها ڕەگەزی یەکەم و دووەم لە توانایاندایە کە شیردەرەکان تووشبکەن، ڕەگەزی سێیەم و چوارەم زیاتر باڵندەکان تووشدەکەن. تا ئێستا شەش جۆر لە کۆرۆنا ڤایرۆس ناسراونەتەوە کە توانای تووشکردنی مرۆڤیان هەیە، کەدوانیان (HCoV-NL63 و HCoV-229E) سەر بە ڕەگەزی (Alphacoronavirus) ن، وە چوارەکەیتریان (HCoV-OC43, HCoV-HKU1 , SARS-CoV, وەهەروەها MERS-CoV)سەر بە ڕەگەزی (Betacoronavirus) ن. کۆرۆنا ڤایرۆس زۆر ناسراو نەبوو لە جیهاندا تا ساڵی (٢٠٠٣) جۆری (SARS-CoV) لە چین و دواتربە جیهاندا بڵاوبۆوە، و دواتریش (MERS-CoV) لە سعودیە ساڵی (٢٠١٢) بڵاوبووە، و لە ئێستادا (2019-nCoV) جۆرێکی تری خێزانی کۆرۆنایە کەجیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
جیناتی کۆرۆنا ڤایرۆس بە نزیکەیی لە (٢٦٠٠٠ بۆ ٣٢٠٠٠) ترشی نایتۆجینی پێکهاتووە، کە ژمارەی جیاواز (لە ٦ بۆ ١١) (open reading frames (ORFs) هەیە کە ئەو بەشەی ناوکە ترشییە کە کۆد دەکات بۆ دروستکردنی پڕۆتین.
یەکەم (ORF) بە نزیکەیی ٦٧٪ کۆی جیناتی ڤایرۆسەکە پێکدەهێنێت, کە کۆد دەکەن بۆ ١٦ لەو پڕۆتینانەی کە بەشدارنابن لە دروستکردنی پێکهاتەی ڤایرۆسەکە (non-structural proteins (nsp))، ئەوەی کە دەمێنێتەوە کۆد دەکەن بۆ پڕۆتینە یاریدەدەرەکان و ئەو پڕۆتینانەی کە دەبن پێکهاتەی ڤایرۆسەکە. ئەو پڕۆتینانەش چوار پڕۆتینی سەرەکین:
1. Spike protein (S)
2. Envelope protein (E)
3. Matrix protein (M)
4. Nucleocapsid protein (N).
Spike surface glycoprotein (S): ئەم پڕۆتینە لە جۆری شەکرە پڕۆتینە و کەوتۆتە بەشی دەرەوەی ڤایرۆسەکەوە کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە ناسینەوە و نوسان بە وەرگرەکانی (Receptor) خانەی خانەخوێ کەوە.

Spike proteins (S) ی هەردوو کۆرۆنا ڤایرۆسی (SARS-CoV, MERS-CoV) نوساون بە وەرگری جیاواز لەسەر خانەکانی خانەخوێ. کۆرۆنا ڤایرۆسی جۆری SARS-CoV دوو وەرگر بەکاردەهێنێت بۆ تووشکردنی خانەخوێ کە پێیان دەوترێت (ACE2) و CD209L.
ئەمە لە کاتێکدا کۆرۆنای جۆری MERS-CoV وەرگرێک بەکاردێنێت با ناوی (DPP4). و بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) زۆر نزیکە لە کۆرۆنای جۆری شەمشەمەکوێرە SARS-like bat. ئەمەش پشتبەست بە بەراوردکردنی جیناتی سێ سترەین (strain) ی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە بە جیناتی کۆرۆنا ڤایرۆسەکانی تر کە لە هەردوو بانکی جیناتی ڤایرۆس (ViPR, NCBI) تۆمارکراون.
بەراوردکردنی ئەم سێ سترەینە (strain) ی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) لەگەڵ یەکتری ئەوە دەردەخات کە هەر سێکیان بەتەواوی لە یەکدەچن تەنها لە پێنج ترشەناوکی (nucleotide) دا جیاوازن لە کۆی نزیکەی ٢٩.٨٠٠ ترشە ناوکی، ناوکە ترشی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) لە ١٤ ORFs پێکهاتووە کە کۆد دەکات بۆ دروستکردنی ٢٧ پڕۆتینی جیاواز.

لەسەر ئاستی ترشەئەمینیەکان کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) زۆر لە کۆرۆنا ڤایرۆسی SARS-CoV دەچێت تەنیا هەندێک جیاوازی کەم هەیە کە ئەمانەن:
• پڕۆتینی 8a لە کۆرۆنا ڤایرۆسی SARS-CoV دا هەیە بەڵام لە کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) دا نیە.
• پڕۆتینی 8b لە کۆرۆنا ڤایرۆسی SARS-CoV دا لە ٨٤ ترشی ئەمینی پێکهاتووە بەڵام لە کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) دا درێژترە ولە ١٢١ ترشی ئەمینی پێکهاتووە.
• وە پڕۆتینی 3b لە کۆرۆنا ڤایرۆسی SARS-CoV دا لە ١٥٤ ترشی ئەمینی پێکهاتووە بەڵام لە کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) دا کورترە ولە تەنها ٢٢ ترشی ئەمینی پێکهاتووە.
• توێژینەوەی تر لەو بوارەدا پێویستە بۆ ئەوەی کاریگەری ئەوجیاوازیانە ڕوونتر بێتەوە لەسەر توانای ڤایرۆسەکە بۆ توشکردن و بڵاوبوونەوەی.
• بەپێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە و داری خێزانی (phylogenetic tree) دەردەکەوێت ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ (2019-nCoV) نزیکترە لە SARS-CoVs تاڕادەیەک دوورە لە MERS-CoVs.

هەر لەم توێژینەوەیەدا هەڵساون بە بەراورد کردنی ڕیزبەندی ترشەئەمینیەکانی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) و SARS-like bat وە هەروەها SARS-CoVs، دەرکەوتووە کە لە هەندێک لە پڕۆتینەکان هیچ جیاوازیەک لە ڕیزبەندی ترشە ئەمینیەکان نیە بەڵام؛
• (١٠٢) جیاوازی هەیە لە ڕیزبەندی ترشە ئەمینیەکانی پڕۆتینی (nsp3)
• (٦١)جیاوازی هەیە لە ڕیزبەندی ترشە ئەمینیەکانی پڕۆتینی (nsp2).
• (٢٧)جیاوازی لە ڕیزبەندی ترشە ئەمینیەکانی پڕۆتینی S دا هەیە کە پێکهاتووە لە ١٢٧٢ ترشی ئەمینی ( کە ئەمەیان زۆر گرنگە لەبەرئەوەی پڕۆتینی S بەرپرسە لە ناسینەوە، نوسان، تووشکردنی خانەخوێ کە).
• دەردەکەوێت جیاوازییەکان بەم جۆرەیە: ٦ جیاوازی لەو بەشەدایە کە پێی دەوترێت (Receptor-binding domains RBD) (ئەو بەشەیە لە پڕۆتینی S کە دەنوسێت بە وەرگری سەر خانەخوێ کە) کە ڕیزبەندی ترشە ئەمینیەکانی لەنێوان ٣٥٧-٥٢٨ دایە ، وە ٦ جیاوازیتر لە ڕیزبەندی ترشە ئەمینیەکان لە (SD) دا کە ڕیزبەندی ترشە ئەمینیەکانی لەنێوان ٥٦٩- ٦٥٥ دایە.
• هەروەها چوار جیاوازیتری (Q560L, S570A, F572T, and S575A) لە کۆتاییە کاربۆنیەکەی ئەو پڕۆتینەی پێی دەوترێت (receptor-binding subunit S1 domain) کە پێشتر وەک دژەپەیداکەر (Antigen)ی کۆرۆنا ڤایرۆسی جۆری SARS-CoV دەست نیشانکراوە.

لەبەر ئەوەی تائێستا زانیاری پێویست و یەکلاکەرەوە لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەردەست نیە ناتوانرێت گرنگی گۆڕان لە زنجیرەی ترشە ئەمینیەکان لەنێوان کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) و SARS-like bat وە هەروەها SARS-CoVs ڕوونتربکرێتەوە.
بۆ نموونە هیچ گۆڕانکاریەک لە زنجیرەی ترشە ئەمینیەکانی ئەو پڕۆتینەی SARS-CoV کە دەنوسێت بە وەرگرە پڕۆتینی ACE2 لەسەر خانەکانی مرۆڤ ڕووینەداوە، بەڵام شەش بازدان ڕویداوە لەو بەشەی کە پێی دەوترێت (Receptor-binding domains RBD). بێگومان ئەو جیاوازیانەش لەنێوان کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (2019-nCoV) و (SARS-CoV) دا هەیە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر توانای تووشکرن و توانای گوێزرانەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر، ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر دەبێت لە داهاتوودا.

سەرچاوە:
https://www.cell.com/cell-host-microbe/fulltext/S1931-3128(20)30072-X#secsectitle0010
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: کارزان احمد قوربانی
پێداچونەوە: سەفین حسن حسێن
بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی

زانکۆی ڕاپەڕین ڤایرۆسی کۆڕۆنا coronavirus تەندروستی نەخۆشی