وەزیرى خوێندنى باڵا یەکەم تاقیگەى زانستى تایبەت بە (ڤایرۆسى کۆرۆنا)ى لە سلێمانى کردەوە
لە چوارچێوەی بڕیارو ڕاسپاردەکانی ژوری عەمەلیانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ڕوبەروبونەوەی پەتای کۆرۆنا، د. ئارام محمد قادر لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی یەکەمین تاقیگەی زانستی تایبەت بە (ڤایرۆسی کۆرۆنا)ى کردەوەو یەکەمین (گرانت)ی تایبەت بە توێژینەوەکانی بواری کۆرۆنا ڤایرۆسى ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (١٥/٣/٢٠٢٠) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینەوەى زانستى کردو لەلایەن د. پۆڵا خانەقا سەرۆکى دەستەو د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازیان لێکراو، یەکەمین تاقیگەی زانستی تایبەت بە (ڤایرۆسی کۆرۆنا)ى کردەوە.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئێمە بودجەیەکی تایبەتمان بۆ ئەم تاقیگەیە تەرخان کرد بۆ ئەوەی بیگەیەنینە ئاستێکی ستاندارد، بێگومان لە ڕوی ئەندازەییەوە بەشێوەیەکی زانستی ستاندارد دیزاین کراوەو ئامێرو کەرەستەی پێویستی بۆ تەرخانکراوەو ڕەچاوی هەمو بنەماکانی تەندروستی و سەلامەتی کراوە بۆ ئەوەی بەکار بهێنرێت بۆ ئەو توێژینەوانەی کەتایبەتن بە لایەنە جیاجیاکانی نەخۆشی کۆرۆنا.
د. ئارام محمد قادر وتیشى: بەشێکی تاقیگەکە تایبەت دەبێت بە پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشی کۆرۆناو هەمو تەکنۆلۆجیاو پێداویستییەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی بۆ دەستەبەر کراوە بە تایبەت ئامێری (ڕیەڵ تایم) و لە حاڵەتی پێویستدا یارمەتیدەری دامودەزگاکانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە. بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە دەرفەتی گونجاو دەبێت بۆ توێژەرانی زانکۆکانمان کە سود لەم تاقیگەیە وەربگرن بۆ ئەنجامدانی ئەو توێژینەوانەی کە یارمەتیدەر دەبن بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە تایبەتمەندیەکانی ئەو ڤایرۆسە نوێیەو چۆنیەتی روبەڕوبونەوەو کۆنترۆڵکردنی.
د. ئارام محمد داواشى لە توێژەران و ئەکادیمیانی زانکۆکان کرد هەماهەنگی تەواو لەگەڵ پسۆڕانی پزیشکی و تیمەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بکەن، بۆ ئەوەی ئەو داتاو سامپڵانەی کە لە ئەنجامی کاری کلینیکی دروست دەبن بۆ توێژینەوەی زانستی سودیان لێ وەربگیرێت و ئێمەش لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی بەشدار بین بە توێژینەوە زانستییەکانمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، بۆ ئەم مەبەستەش وتى: وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ ژمارەیەک زانکۆ و دامودەزگای نێودەوڵەتی هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی لە ڕوی زانستییەوە هاوکارو پشتیوانی توێژەرە خۆماڵیەکان بن.
لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی، یەکەمین (گرانت)ی تایبەت بە توێژینەوەکانی بواری کۆرۆنا ڤایرۆسى ڕاگەیاندو داواشى لە توێژەرانی بواری زانستە پزیشکییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەکان کرد پرۆپۆزەڵی توێژینەوەکانیان لە بواری نەخۆشی کۆرۆنا ئامادە بکەن و لەڕێگەی ئیمێڵى (ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.) پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم گرانتەوە پشتیوانی داراییان بۆ دەستەبەر بکەین.
http://mhe-krg.org/ku/node/4141