لەچوارچێوەی هەڵمەتی هۆشیاری بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چۆنێتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسە گواستراوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە ی شوباتی ٢٠٢٠، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی ڕاپەڕین بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین سیمپۆزیۆمێکیان دەربارەی (ڕەهەندە جیاوازەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا) ئەنجامدا.
لە سەرەتادا بەڕێز د.ڕزگار حاجی صاڵح ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت وتەیەکی پێشکەشکرد" سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕینی کرد لە بەرامبەر هەماهەنگیان بۆ سازدانی چالاکییەکە، پاشان پوختەیەکی لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە و رێگاکانی بڵاوبوونەوە و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی خستەڕوو، هەروەک باسی لەو رێوشوێنە تەندروستییانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەک.
پاشان سیمپۆزیۆمەکە بە دوو پانێڵ بەردەوامی بە کارەکانیدا، لە پانێڵی یەکەمدا د.سعید عسمان محمد تەوەرێکی بەناونیشانی ( کورتەیەک لەسەر پەتای کۆڕۆنا )پێشکەشکرد، پاشان سیمیناری دووەم بە ناونیشانی (ڤایرۆسی کۆڕۆنا و تایبەتمەندییەکانی) لەلایەن مظفر عبداللە ممند خرایەڕوو، دواتر سیمیناری سێیەم لەلایەن حسن خدر احمد بە ناونیشانی (ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆڕۆنا) پێشکەشکرا.
پاشان لە پانێڵی دووەمی سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.ی.د. ابراهیم عبدالرحمن محمد بە سیمینارێک دەربارەی ( پەتا و نەخۆشییەکان لەنێوان سزا و سوونەتی خوا لە ژیاندا) بەردەوامی بە سیمپۆزیۆمەکەدا، سیمیناری پێنجەم و کۆتایی سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن هەردوو توێژەر د. پەیمان رمضان و مامۆستا جمال الدین خدر بە ناونیشانی (دەرئەنجامە سیاسی و ئابورییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەر وڵاتان) پێشکەشکرا.
لە سیمپۆزیۆمەکەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێندكاران و مامۆستایانی زانکۆ و کارمەندانی تەندروستی ئامادەبوون، کە تیایدا زانیاری و هۆشیاری پێویست دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەبووان درا .