بەدەیان مامۆستاو توێژەرو یاریدەدەری توێژەر لەستافی بەشی تاقیگەی پزیشكی لەزانكۆی راپەڕین، خۆیان ناونوس كردووەو لەئێستادا رۆژانە بەشێوەی خۆبەخشانە لەتاقیگەی ناوەندی رانیە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاونیشتمانیان ئەنجامدەدەن.
ئەو ستافە بەیانیان تا ئێواران، خۆبەخشانە لەتاقیگەی ناوەندی رانیەی تایبەت بە پشكنینی كۆرۆنا ڤایرۆس، كاردەكەن و هاوكاری زۆری ستافی تەندروستیان كردووە لەرووبەڕوبونەوەی پەتای گشتگیری نێودەوڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا. و لەئێستا رۆژانە بەشێوەی نۆبە چەند كەسێك لەم خۆبەخشانەی زانكۆی راپەڕین، كاری پشكنین بۆ هاونیشتمانیان دەكەن و لەئێستاشدا هەریەك لە بەڕێزان (د.احمد فەرحان م.ڕزگار قادر م.سەفین حسن م.کارزان قوربانی)، رۆژانە لەتاقیگەی تایبەت بە پشكنینی كۆرۆنا كاردەكەن.
هەروەكچۆن، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوڵاتی چین، كۆلێژی زانست لەزانكۆی راپەڕین، چەند سیمپۆزیۆمێكی زانستی دەربارەی ڤایرۆسەكە ئەنجامداو دواتریش لەمانگەكانی سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەدا، هاوكاری جدی لیژنەی هۆشیاری و خۆپارێزی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون لەزانكۆی راپەڕین، لەوەرگێڕان و ئامادەكردنی بابەتی زانستی و بڵاوكردنەوەیان.
بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕینەوە، رێزوسوپاسی خۆمان ئاڕاستەی ئەم ستافە لەخۆبوردووەی بەشی تاقیگەی پزیشكی زانكۆمان دەكەین، كە خۆبەخشانە كارێكی پیرۆز ئەنجامدەدەن و هاوكارو پشتیوانی كەرتی تەندروستی دەكەن لەناوچەكەدا. هەر سەركەوتوو و سەلامەت و سەرفرازبن و نمونەتان زۆربێت.