لەچوارچێوەی هەماهەنگی فەرمانگەكانی حكومەت و بەمەبەستی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی (12)ی ئامادەیی لەسنوری پەروەردەی رانیە، زانكۆی راپەڕین بەدابینكردنی ژمارەیەك لەهۆڵەكانی تاقیكردنەوە، هاوكاری پەروەردەی رانیە دەكات.
لەمساڵدا بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، خوێندن لەهەرێمی كوردستان و سەرجەم وڵاتانی جیهان، وەستێنراو تاقیكردنەوەكانیش دواخران، لەئێستاشدا بەئامانجی پەیڕەوكردنی رێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان لەڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، خوێندنگەكان پێویستیان بەهۆڵی زیاتر هەیە بۆ تاقیكردنەوەكان، لەو چوارچێوەیەشدا زانكۆی راپەڕین، ژمارەیەك هۆڵی تاقیكردنەوەی بۆ پەروەردەی رانیە رێكخستووە.
هاوشێوەی هۆڵەكانی تری تاقیكردنەوەكانی پۆلی (12) ئامادەیی، رێكارەكانی تاقیكردنەوەكان و شێوازی تاقیكردنەوەكان و چاودێریكردنی هۆڵەكان، لەلایەن لیژنەكانی پەروەردەی رانیەو ئەنجام دەدرێن و زانكۆی راپەڕین تەنیا هۆڵەكان و كارەباو سیستەمی ساردكەرەوەی بۆ دابینكردوون.
ئەو هەماهەنگی و هاوكارییانەش بەردەوامی دەبێت، و لەماوەی رابردووشدا زانكۆی راپەڕین بەشە ناوخۆیی بۆ كەرتی تەندروستی تەرخان كرد بەمەبەستی چاودێریكردنی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.