ئەمڕۆ (29 – 12 – 2020)، ژمارە (4)ی ساڵی (7)تەمینی گۆڤاری زانستی زانكۆی راپەڕین، بڵاوكرایەوە،
لەم ژمارەیەدا (30) توێژینەوەی ئەكادیمی بەهەرسێ زمانی كوردی و ئینگلیزی و عەرەبی لەپسپۆڕییە جیاوازەكاندا بڵاوكراونەتەوە.
لێرەوە جارێكی تر ئاگاداری توێژەرانی بەڕێز دەكەینەوە، كە بەپێی فرمانی زانكۆی ژمارە (2353) كە رۆژی (6 – 9 – 2020)، دەرچووە بوارەكانی بڵاوكردنەوە لەگۆڤاری زانكۆی راپەڕیندا تەنیا بۆ توێژینەوەی بواری زانستە مرۆڤایەتییەكان و كۆمەڵایەتییەكان وەردەگیرێت، كە زانستەكانی زمانیش لەو چوارچێوەیەدایە.
واتە گۆڤاری زانكۆی راپەڕین، لەگۆڤارێكی فرە پسپۆڕییەوە، گۆدڕاوە بۆ "گۆڤاری زانكۆی راپەڕین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەكان و كۆمەڵایەتییەكان"، بۆیە توێژەرانی بواری زانستە مرۆڤایەتییەكان و كۆمەڵایەتییەكان لەزانكۆكانی كوردستان و دەرەوە، لەرێگەی پێگەی ئەلیكترۆنی گۆڤاری زانكۆی راپەڕینەوە (http://journal.uor.edu.krd/index.php/JUR) بەهەمان شێوەی پێشووتر دەتوانن توێژینەوەكانیان بنێرن بۆ گۆڤار.
و ئەم ژمارەیە كۆتا ژمارەی فرە پسپۆڕی گۆڤارەكەیەو لەژمارە (1)ی ساڵی (8)می گۆڤارەكە كە بڕیارە مانگی (ئاداری 2021) دەربچێت، تەنیا توێژینەوەی بواری زانستە مرۆڤایەتییەكان و كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوە.
گۆڤاری زانكۆی راپەڕین ماوەی (7) ساڵە لەلایەن زانكۆی راپەڕینەوە دەردەچوێنرێت و یەكێكە لەگۆڤارە زانستییە باوەڕپێكراوەكان و مۆڵەتی دەرچواندنی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێدراوەو گۆڤارەكە جگەلەوەی لەچەندین دامەزراوەی زانستی ئیندێكس كراوە، لەهەمان كاتدا خاوەنی (DOI) و (ISSN)ی تایبەتی خۆیەتی.
گرتە لەم لینكە بكەن بۆ بینینی ژمارەی نوێی گۆڤاری زانكۆی راپەڕین
http://journal.uor.edu.krd/index.php/JUR/index