University of Raparin Logo

زانکۆی ڕاپەڕین، خولی فێرکردنی ئەلیکترۆنی بۆ مامۆستایان دەکرێتەوە

سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی زانكۆی راپەڕین، ئاگاداری سەرجەم مامۆستایانی میلاک و گرێبەست دەكاتەوە کە خولێکی پێشکەوتووی فێرکردنی ئەلیکترۆنی بۆ مامۆستایان دەكرێتەوە.

لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی زانكۆ، پێویستە سەرجەم مامۆستایان بەشداری بكەن لەخولەکەدا كە ماوەی مانگێک دەخایەنێت و لە هەفتەیەکدا ٣ ڕۆژو لە هەر ڕۆژێکدا کاتژمێر و نیوێک شەوانە لە کاتژمێر ٩:٠٠ بۆ ١٠:٠٣٠ وانە دەخوێنرێت بەشێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) لەڕێگەی خزمەتگوزاری گووگڵ میتەوە.

دوای ئەوەی کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتووی چڕوپڕیان سەبارەت بە فێرکردنی ئەلیکترۆنی، کە لە لایەن ڕێکخراوی (IREX) –ی ئەمریکییەوە سەرپەرشتی دەکرا، بە سەرکەوتووی تەواوکرد، ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی خولێکی چوار هەفتەیی بۆ سەرجەم مامۆستایانی زانکۆی ڕاپەڕین دەکەنەوە.

کردنەوەی ئەم خولە لە کاتێکدایە، کە بەهۆی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ناجێگیری بارودۆخی ئێستای تەندروستی لە هەرێمی کوردستان هەموو ئەگەرەکان بەلای ئەوەدان، کە خوێندنی زانکۆکان بۆ ساڵی ئەکادیمی (2020-2021) بە لایەنی کەمەوە بەشێکی بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبچێت. لەم سۆنگەیەوە و بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی، زانکۆی ڕاپەڕین ڕاهێنان بە مامۆستاکانی دەکات. لە خولەکەدا تیشک دەخرێتە سەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ، کە بریتین لە ناساندنی تیۆری خوێندنی ئەلیکترۆنی، دیزاینکردنی کۆرسی خوێندن بە شێوەی کاریگەر، ڕوونکردنەوەو فێرکاری بەرنامە پێویستەکانی، وەکو کۆمەڵەی ئاپە پەروەردەییەکانی گووگڵ، وتنەوەی وانەی ئۆنلاین و شێوازی مەمەڵەکردن و بەشداریپێکردنی خوێندکاران لە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنیدا، هەروەها وانەی پراکتیکی لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی سەکۆ و بەرنامە ئەلیکترۆنیەکانی تایبەت بە فێربوون و فێرکردن.

زانکۆی ڕاپەڕین ئاگاداری لە زانکۆی ڕاپەڕین خوێندن ڕاهێنانی تواناكان خوێندنی ئەلیکترۆنی