University of Raparin Logo

دوو مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین گرانتێکی ئیراسمۆس بەدەستدەهێنن

چاپکردن ئیمەیڵ

دوو مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین گرانتێکی ئیراسمۆس بەدەستدەهێنن
 
دوو مامۆستای زانكۆی راپەڕین لەبەشی جوگرافیا لەكۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی راپەڕین گرانتێكی سێ مانگی لەوڵاتی نەمسا بەدەستدەهێنن.
هەریەک لەمامۆستایان (محمد وتمان محمد) و (سەلام محمود ناصر) لەبەشی جوگرافیا لەکۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، کە لەئێستادا خوێندکاری نێودەوڵەتی دکتۆرای هاوبەشن لەنێوان هەردوو بەشی (RS&GIS) لەزانکۆی تەبرێز لەوڵاتی ئێران و بەشی جیۆئینفۆرماتیکس - Z_GIS لە زانکۆی سالزبێرگ لەوڵاتی نەمسا گرانتێکی ئیراسمۆس+ بۆ ماوەی ٣ مانگیان بەبڕی (٣٠٨٠ یۆرۆ) بەدەستهێنا بۆ هەر یەکێکیان لەبەشی جیۆئینفۆرماتیکس - Z_GIS لەزانکۆی سالزبێرگ لەوڵاتی نەمسا، لەبەرواری ١٩/٠٩/٢٠٢٢ بۆ ١٨/١٢/٢٠٢٢ . بەمەبەستی وەرگرتنی کۆرسێکی خوێندن و بەرەوپێشخستنی پرۆپۆزەڵی دکتۆراکەیان.

هەفتەی نێودەوڵەتی خوێندکاران لەئێران (ISW-Iran) رێكدەخرێت

چاپکردن ئیمەیڵ

هەفتەی نێودەوڵەتی خوێندکاران لەئێران (ISW-Iran) رێكدەخرێت

هەفتەی نێودەوڵەتی خوێندکاران لەئێران (ISW-Iran) چالاکیەکی زانستی-فەرهەنگییە، کە لەلایەن خوێندکارانەوە بۆ خوێندکاران ڕێکدەخرێت. زیاتر لە ٣٥ بەشداربو لەزیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان لەدوایین ISW-Iran لە ساڵی ٢٠٢٠دا کرد.
ئەمساڵ ISW-Iran بەهاوبەشی لەلایەن زانکۆی تاران و دامەزراوەی گەشەپێدانی ڕۆژئاوای ئاسیا Western Asian Development Institute ڕێکدەخرێت. ئەم بۆنەیە ئەزموونێکی ناوازەیە کە وێرکشۆپی پەروەردەیی و ناسینی کەسانی نوێ لەخۆ دەگرێت.
ئامانجی سەرەکی ISW-Iran کۆکردنەوەی گەنجانی هەموو جیهانە، وەک سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتوری و یەکترناسین و هەروەها بۆ گفتوگۆ و کاری بیرۆکە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە جیهانییەکانە.
لەماوەی پێنج ڕۆژدا، بەشداربوان ڕوانگەیەکی باش لەئێران پێکدەهێنن. هەروەها بەکارکردن لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکارانی ئێرانی ئاشنادەبن و چاویان بەلاوانی هاوبیر لەهەموو جیهاندا دەکەوێت. بەشداربوان دەرفەتیان دەبێت بۆ گەڕان بەدوای جوانی سروشت و کلتوری وڵاتەکە.
هەفتەی نێودەوڵەتی خوێندکاران لەئێران پێشوازی لەسەرجەم خوێندکاران لەهەر بوارێکی خوێندن دەکات. هەروەها خوێندکارانی تازە دەرچوو، گەنجانی چالاک و سەرکردەکان هاندەدرێن بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەشداریکردن.

سوودەکانی بەشداریکردن
بەشداریکردن لە وانەکان کە لەلایەن زانا و لێکۆڵەری نێودەوڵەتی دیارەوە پێشکەشدەکرێن.
بەشداریکردن لەگفتوگۆکان و سەردانیکردنی شوێنەکان
دەرفەتێکە بۆ گەڕان بەناو فەرهەنگ و سروشتی ئێراندا.
دەرفەتی کارلێککردن لەگەڵ کەسانی جیاواز لەنەتەوەو کەلتوری هەمەجۆر.
بەشداربوان لەپڕۆگرامەکە بەخۆڕایی دەبێت.
نانی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە دابیندەکرێت.
گەشتی ڕێنماییکراو بەخۆڕایی بەناو تاراندا ڕێکدەخرێت.
ئامرازەکانی وەرزش (مەلەوانگە، هۆڵی وەرزش، یاریگای تۆپی پێ) بێبەرامبەرە.

مەرجەکانی شایستەبون بۆ بەشداریكردن:
گەنجانی پیشەیی و خوێندکار مافی پێشکەشکردنیان هەیە لەهەر نەتەوەیەک.
تەمەن: 18 بۆ 35 ساڵ.
توانای گفتوگۆکردن بەزمانی ئینگلیزی.

داواکاران پێویستە کرێی تکتی فڕۆکە لەوڵاتی خۆیانەوە بۆ تاران و بەپێچەوانەوە، کرێی ڤیزا، و بیمە (ئەگەر پێویست بوو) خۆیان دابینی بکەن.

پرۆسەی پێشکەشکردن:
هەنگاوی یەکەم- ئەم فۆڕمەی خوارەوە پڕبکەرەوە لە ڕێگەی لینکی داواکارییەوە تا بەرواری ١٠ی ئابی ٢٠٢٢.
https://bit.ly/iswiran2022 یاخود https://forms.gle/TkBJgie8ZEQHuoBV7
هەنگاوی دووەم- کاندیدە هەڵبژێردراوەکان تا ٥ی ئابی ٢٠٢٢ لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
هەنگاوی سێیەم- خوازیارانی هەڵبژێردراو بانگهێشت دەکرێن بۆ پرۆگرامە کە لە زانکۆی تاران لە ١٠ - ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بەڕێوەدەچێت.
تێبینی:
لە پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزادا هاوکاری بەشداربوان دەکرێت.
ڤیزای ئێران ئەلیکترۆنییە، هیچ مۆر و ستیکەرێکی ڤیزا لەسەر پاسپۆرتەکەت نابێت.
هەفتەی نێودەوڵەتی خوێندکاران بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنەکانی COVID 19 ڕێکدەخرێت.

هەردو وەزارەتى خوێندنى باڵا و کار، یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن ئیمزادەکەن

چاپکردن ئیمەیڵ

هەردو وەزارەتى خوێندنى باڵا و کار، یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن ئیمزادەکەن

بەئامانجى بەستنەوەى زیاترى پرۆگرامەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بە بازاڕى کار و ئاشنابونى زیاترى خوێندکاران بەیاساکانى کارو خانەنشینى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لە نێوان هەردو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ئیمزا کرا.

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/8/9) بەسەپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کوێستان محمد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى و ئامادەبونى بریکارانى هەردو وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوبەرانى گشتى، لە ڕێوڕەسمێکدا یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان هەردو بۆ وەزارەت بۆ پەرەپێدانى زیاترى پرۆسەى بەکارخستن و بنیادنانى کارامەیى ئیمزاکرا.

لە دەستپێکدا وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بە گرنگى ئیمزاکردنى ئەم یاداشتە کردو ڕایگەیاند: ئامانجى سەرەکى لەم یاداشتە دروستکردنی هەماهەنگی زانستی و سود وەرگرتنە لە توانا ماددی و مرۆییەکانی نێوان هەردو وەزارەت و ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گونجاندنی لەگەڵ ناوەڕۆکی پڕۆگرامی خوێندن و ڕاهێنان لە زانکۆکان. وتیشى: بەپێى خاڵەکانى یاداشتەکە هەماهەنگى دەکرێت لەنێوان (بەشەکانی بەکارخستنی بەڕێوەبەرایەتیەکانى کار)ى سەر بە وەزارەتى کار لەگەڵ (سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار-CDC)ی زانکۆکانی کوردستان بۆ تۆمارکردنى ناوى دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ مەبەستی ڕاهێنان و دۆزینەوەى هەلى کار لە کەرتى تایبەت بۆ دەرچوانی بێکار.

لەلایەن خۆیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە خاڵە گرنگەکانى ئیمزاکردنى یاداشتنى نێوان هەردو وەزارەت کردو ڕایگەیاند: فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە کوردستان، لە کارە گرنگەکانى وەزارەتەکەمانە لەم کابینەیە، بۆیە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتنامەیە یارمەتیدەرمان دەبێت بەمەبەستى گرنکى دانى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى.

هەروەک وتیشى: ئەنجامدانی کاری هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی کارامەییە پێویستەکان (Skill needs) و کەلێنی کارامەیی (Skill Gaps) و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان، هەروەها هەماهەنگی بۆ بەدواداچونی دەرچوان بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی ڕێژەی دەستکەوتنی کار و هەڵسەنگاندنی ئاستی پەیوەندی کاری دەرچوان بە پسپۆڕی و کارامەییەکانیانەوە خاڵى سەرەکى نێو یاداشتەکەن.

جێگەى ئاماژەیە بەشێکى دیکەى یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان هەردو وەزارەت بریتیە لە: هاندانی توێژەران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەربارەی کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی (یاسای کار و یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران) لەسەر بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنان بۆ خوێندکارانى زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەمەبەستى سود وەرگرتن لە وەرشەکانى ڕاهێنانى پیشەیی سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و هاندانی دەرچوانى زانکۆکانی هەرێمى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە خولەکانى ڕاهێنانى پیشەیی و خولەکانى بەهێزکردنى تواناکان بۆ ئامادەکردنى گەنجان تاوەکو بتوانن دوای دەرچون بە پڕۆژەوە بچنە ناو بازارى کار.