ئەمڕۆ، ١٧ی ئابی ٢٠٢٠، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بەڕێز پ.ی. د. مۆفەق خالد، بڕوانامەی سەرۆكایەتی زانكۆی بەخشرایە (9) مامۆستای زانكۆی راپەڕین كە بە سەرکەوتوویی خولێکی پێشکەوتووی خوێندنی ئەلیکترۆنی ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمەریکیان تەواوکرد.
لە میانی كۆبونەوەیەكیشدا وەکو ڕاسپاردەکانی خولەکە جەخت لە ڕاهێنانی مامۆستایانی زانکۆمان کرایەوە لە ڕووی ئاشناکردنیان بەو شێواز و ڕێگایانەی لەم خولە خوێندرابوون لە لایەن ئەو مامۆستا بەشداربووانەی لەم خولە پێشکەوتووە بەشداربوون.
ستافێکی زانکۆی ڕاپەڕین، کە پێکهاتبوون لە ٩ مامۆستا لە کۆلێژ و بەشە جیاوازەکانی زانکۆمان، بەشداری خولێکی پێشکەوتووی خوێندنی ئەلیکترۆنی – ڕاهێنانی ڕاهێنەرانیان کرد بە ناونیشانی E-Learning Professional Training Program. خولەکە لە لایەن ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمەریکی بە سەرپەرشتی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد و هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو. ئەم خولە ماوەی دوو مانگی خایاند و زیاتر لە ٩٠٠ مامۆستا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بەشداربوون بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای مامۆستایان لە ڕووی بەڕێوەبردنی وانەی سەرهێڵ بە شێوەی نمونەیی و پێشکەوتوو و هەروەها پەرەپێدانی کارامەییە تەکنەلۆژییەکانی مامۆستایان بۆ مەبەستی وانەبێژی و پیشەیی.
لە خولەکەدا نوێترین ڕێگا و شێوازەکانی خوێندنی کاریگەر لەسەرهێڵ و هەروەها ئامرازە پێویستەکانیش بۆ ئەم خوێندنە بە چڕی بە شێوەی کرداری و تیۆری خوێندران. لە ئاهەنگی کۆتایی ئەم خولە هەریەک لە نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێم و هەروەها دکتۆرە لۆری مەیسن – ڕێکخراوی ئایرێکس و بەڕێز جۆن کینکاننی نوێنەری باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەبوون، و لە وتەکانیان وێرای پیرۆزبایی جەختیان لە هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو ناوەڕۆکە کردەوە کە لە خولەکە خوێندراوە.