University of Raparin Logo

10 مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین بەشداری خولێکی ڕێکخراوی IREX بۆ پەرەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەكەن

چاپکردن ئیمەیڵ

دوێنی، ٣٠ی ٤ی ٢٠٢٠، بە فەرمی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هاوشان لەگەڵ زانکۆکانى دیکەى ناوچەکانى عێراق، خولی فێربوونی ئەلیکترۆنی Training of Trainers (ToT)، کە لەلایەن ڕێکخراوی ئایرێکیسی ئەمریکییەوە ڕێکخراوە، دەستی پێکرد و بۆ ماوەی ٨ هەفتە بەردەوام دەبێت و بەشێوەی سەرهێڵی دەبێت.

شایەنی باسە، خولەکە بە وتەی هەریەک لە د. فواد قاسم، بریکارى وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەرپرسی کاروباری گشتی لە بالوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و د. لۆری مەیسن، بەرێوەبەری بەرنامەکانی رێکخراوی ئایرێکس لە عێراق و عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم دەستی پێکرد و تیایدا ئاماژەیان بە زانکۆ بەشدارەکان کرد، کە ٩٨ زانکۆى عێراق و ١٤ زانکۆى هەرێمى کوردستان و کە ٩٠٠ کەس لەم پرۆگرامە بەشدارن. هەروەک نوێنەرى ڕێکخراوى ئایرێکس هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم و فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی بەرزنرخاند بۆ ئامادەگییان بەمەبەستى بەشدارى کارا لە خولەکەدا.
لەم خولە هەشت هەفتەییەدا، ١٠ مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین بەشدارن و بە شێوەیەکی چڕ و پڕ و بە سەرهێڵی (Online) بەڕێوەدەچێت. خولەکە پێکدێت لە سێ بەش و هەربەشێکیش لە چەند یەکەیەک پێکدێت. بەپێی ناوەڕۆکی خولەکە بەشداربوو لەگەڵ تەواوکردنی خولەکە وەکو ڕاهێنەر ئامادە دەبێت و دەتوانێت خولی هاوشێوە بۆ ستافی زانکۆکانی خۆیان و دامەزراوەی تریش بکەنەوە و خوێندنی ئەلیکترۆنی زیاتر پەرەپێبدەن لە دامەزراوەکانیاندا.
جێگەى ئاماژەیە، تەواوی ئەرکی دارایی پرۆژەکە لە ئەستۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە عێراق، بەڵام جێبەجێکردنەکەی دەکەوێتە ئەستۆی رێکخراوی ئایرێکس.

زانکۆی ڕاپەڕین خوێندن خوێندنی باڵا coronavirus ئایرێکیس خوێندنی ئەلیکترۆنی