University of Raparin Logo

توێژەرێكی زانكۆی راپەڕین، رێگایەكی تازەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ دیاریكردنی دژە زیندەییەكان (Antibiotic) لەناو خۆراك و ژینگەدا دۆزیوەو 24 سترەینی تازەی بەكتریایەكی دیاریكرد

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانكۆ

مامۆستا شەهلا محمد، توێژەرێكی زانكۆی راپەڕینەو لەتێزی دكتۆراكەیدا بەو دەرەنجامە گەیشتووە كە (24) سترەنی نوێی بەكتریای (Streptococcus pneumoniae) لەهەرێمی كوردستان دۆزیوەتەوەو بە چەندین دەرەنجامی زانستی دیكەش گەیشتووە، كە لە رۆژى یەکشەمە (23ی ئابی 2020)، لەمیانی گفتوگۆی تێزی دكتۆراكەی بەناونیشانی (Multi Locus Sequence Typing (MLTS) and molecular identification of penicillin binding protein in Streptococcus pneumoniae isolated from children in Iraqi Kurdistan Region ) كە لەزانكۆی كۆیە ئەنجامدرا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە پڕۆفیسۆر دكتۆر شوان كەمال رشید، ئەو دەرەنجامانە خرانەڕوو.
مامۆستا شەهلا، ئەوەشی روونكردەوە كە بەشێكی توێژینەوەكەی دۆزینەوەی رێگایەكی تازە بوو لەسەر ئاستی جیهان بۆ دیاریكردنی دژە زیندەییەكان (Antibiotic) لەناو خۆراك و ژینگەدا، كە فاكتەری سەرەكی دروستبوونی بەرگرین لەبەكتریاكاندا (بەوانەشەوە كە توشی مرۆڤ دەبن). وتیشی: ئەم رێگایە دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت لە زۆر بواردا بەتایبەت بۆ دیاریکردنی دژە زیندەیەکان لە خۆراک و ژینگەدا.
مامۆستا شەهلا محمد بەپێگەی ئەلیكترۆنی زانكۆی راپەڕینی وت: بەشێك لەتوێژینەوەی دكتۆراكەم لێكۆڵینەوە بوو لەسەر ئاستی جینی لەناو منداڵانی خوار تەمەن (5)ساڵ بووە لەسەر بەكتریای (Streptococcus pneumoniae) كە هۆكاری هەوكردنی سیەكان و پەردەی مێشكە بەتایبەت لەناو منداڵاندا. روونیشیكردەوە، كە ئەنجامەكانی ئەم توێژینەوەیە بەستراونەتەوە بەئەنجامە جیهانییەكان و دەركەوتووە كە سترینەكانی ئەو بەكتریایە بەگرییەكی زۆریان هەیە بۆ زۆربەی دژە زیندەییەكان لەسەر ئاستی جینی.
ئاماژەی بەوەشدا، كە بۆیەكەمجارە لەسەرئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان (89) سترەینی ئەو بەكتریایە دیاریكران لەسەر ئاستی جینی كە زۆربەیان بەرگریبوون بۆ دژە زیندەییەكان، لەناویاندا (24)یان تازەبوون و جیاوازبوون لەهەموو سترەینە بڵاوەكانی جیهان. وتیشی: داتای سترەینەكان بەناوی كورد (krd) ئەپلۆدی پێگەی ئەلیكترۆنی جیهانی تایبەت كراوە و دەكرێت دەیان توێژینەوەی دیكەی زانستی لەعێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەنجامبدرێت.
لیژنەى گفتوگۆ پێکهاتبوو لە بەڕێزان: پ.د. عادل كمال خدر زانکۆی سەلاحەدین سەرۆکى لیژنەو پ.ی.د.سیروان محسن زانکۆی سلێمانی ئەندام و پ.ی.د. هوشيار عبدالله عزيز زانکۆى سليمانی ئەندام و پ.ی.د. طه جلال عمر زانکۆى کۆیە ئەندام و پ.ی.د. أياد حازم حسن زانکۆى کۆیە ئەندام و پ.د. شوان كمال رشيد زانکۆى چه رمو ئەندام و سەرپەرشتیار.
مامۆستا شەهلا محمد مامۆستای بەشی تاقیگەی زانستی پزیشكیە لەزانكۆی راپەڕین و پێشتر دامەزرێنەری بەشی بایۆلۆجی بووەو یەكێكە لەتوێژەرە سەركەوتووەكان و چەندین توێژینەوەی زانستی لەجۆرناڵەكانی ناوخۆو دەرەوە بڵاوكردونەتەوە، ناوبراو لەتێزی دكتۆراكەی بەچەند دەرەنجامێكی گرنگ و زانستی گەیشتووەو لەدوای چەند كاتژمێریش لەگفتوگۆی لیژنەی هەڵسەنگاندن تێزی دكتۆراكەی بەپلەی نایاب قبوڵكرا.

زانکۆی ڕاپەڕین توێژەر ژینگەدا تێزی دكتۆرا Streptococcus pneumoniae پێگەی ئەلیكترۆنی بەشی تاقیگەی زانستی پزیشكی