University of Raparin Logo

تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) له‌سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت

سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (24/9/2014)، له‌سه‌رجه‌م زانكۆكانی كوردستان تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) ده‌ست پێده‌كات.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردودا له‌ هه‌ر (13) زانكۆكه‌ی كوردستان به‌سه‌دان خوازیاری خوێندنی باڵا داواو مامه‌ڵه‌كانیان پیشكه‌ش كرد و به‌مه‌به‌ستی كێبركێ‌ كردن له‌سه‌ر نزیكه‌ی (1480) كورسی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ژماره‌یه‌شدا (171) كورسیان بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای (2) ساڵه‌ی پزیشكیه‌.تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی بریتیه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ئاستی خوازیارانی خوێندنی باڵا به‌شێوه‌ی نوسین له‌و پسپۆِرییه‌ی كه‌ خوازیاره‌ تێدا درێژ به‌خوێندن بدات.
پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كانیش به‌پێی پسپۆڕییه‌كان له‌لایه‌ن لێژنه‌یی تایبه‌ت دانراوه‌و، خوازیارانی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ له‌ سه‌ر (30)نمره‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن و (70) نمره‌ش له‌سه‌ر نمره‌ی خوێندنی به‌كالۆریۆس بۆیان ئه‌ژمار ده‌كرێت.
ئه‌مساڵ-یش وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان بۆ خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕیاری به‌خشینی (5) نمره‌یدا به‌كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان.

 

 

 

دەرفەتێک له‌ زانكۆكانی کوردستانەوە بۆ خوێندكارە ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا و کەرکوک و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو تویژینه‌وه‌ی زانستی له‌ نوسراوێكدا به‌ ژماره‌ (5/13887) داوای له‌ زانكۆ تایبه‌تیه‌كان كرد له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی به‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا هاتوه‌، ژماره‌یه‌ك كورسی خوێندن به‌پێی توانای زانكۆكانیان به‌بێ به‌رامبه‌ر بۆ خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان دابین بکەن ، ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكان به‌ده‌م ئه‌و داواكارییه‌ی وه‌زاره‌ته‌وه‌ هاتن و، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی لوبنانی فه‌ره‌نسی/ هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك كورسی خوێندن بۆ خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان دابین كرد. سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی لوبنانی فه‌ره‌نسی/ هه‌ولێر له‌ نوسراوێكدا كه‌ بۆ وه‌زاره‌تی خویندنی باڵاو تویژینه‌وه‌ی زانستی-یان ڕه‌وانه‌ كردوه‌، بڕیاریانداوه‌ به‌ته‌رخانكردنی (26) كورسی خویندنی بێ به‌رامبه‌ر، له‌گه‌ڵ (52) كورسی دیكه‌ به‌داشكاندنی (50%) نرخی خوێندن بۆ ده‌رچوانی پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی كه‌ دانیشتوی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن.

لەلایەکی دیکەوە زانكۆی جیهان/ سلێمانی كورسی خوێندن بۆ خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان دابین ده‌كات.
سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی جیهان/ سلێمانی ژماره‌یه‌ك كورسی خوێندن بۆ خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ده‌كات. سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی جیهان/ سلێمانی له‌ نوسراوێكدا كه‌ بۆ وه‌زاره‌تی خویندنی باڵاو تویژینه‌وه‌ی زانستی-یان ڕه‌وانه‌ كردوه‌، بڕیاریانداوه‌ به‌ته‌رخانكردنی (25) كورسی خویندنی بێ به‌رامبه‌ر، له‌گه‌ڵ (50) كورسی دیكه‌ به‌داشكاندنی (50%) نرخی خوێندن بۆ ده‌رچوانی پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی كه‌ دانیشتوی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن و له‌هه‌مان كاتدا خویندنی ئاماده‌ییان له‌و ناوچانه‌ ته‌واو كردبێت.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا خوێندکارانی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاگادار دەکاتەوە

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو تویژینه‌وه‌ی زانستی ئاگاداری خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌كاته‌وه‌, كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێین به‌زوترین كات سه‌ردانی ئه‌م سایته بكه‌ن (http://www.ninavaheducation.com) بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمێكی تایبه‌ت به‌دیاریكردنی كاتی تاقیكردنه‌وه‌كان ، كه‌ دواتر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دیاری ده‌كرێت, له‌ ئێستادا ته‌نها خوێندكارانی به‌كالۆریۆس ده‌توانن ئه‌و فۆرمه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌و دواتریش بۆ خوێندكارانی خوێندنی بالا (ماسته‌ر) و دبلۆم فۆرمی دیكه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ هه‌مان كاتدا داوا له‌ خوێندكارانی به‌كالۆریۆس ده‌كه‌ین دوای پڕكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان، فۆرمه‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌م ئیمه‌یله‌ بكه‌ن (ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.)، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی داوا له‌ خوێندكارانی به‌كالۆریۆس ده‌كات ڕۆژانه‌ سه‌ردانی سایتی (http://www.ninavaheducation.com/)) بكه‌ن بۆ دیاریكردنی ڕۆژی تاقیكردنه‌وه‌ و زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌ڕێوه‌شوێنه‌كانی خوێندنی خوێندكارە ئاواره‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

 

ڕادیۆی دەنگی زانکۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا حکومیەکانی ناوچەکە دەکات

ڕۆژی پێنج شەممە ١٨/ ٩/ ٢٠١٤ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی زانکۆی ڕاپەڕین ، سەرپەرشتیارو ستافی ڕادیۆی دەنگی زانکۆ لەگەل بەشێک لە دامودەزگا حکومیەکانی ناوچەکە کۆبوونەوە، مەبەستی سەرەکی کۆبوونەوەکە دروستکردنی هەماهەنگی زیاتری نێوان ڕادیۆی دەنگی زانکۆو بەشی ڕاگەیاندنی دامودەزگا بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕیکلامی مرۆیی بێ بەرامبەر لە بواری ( پەروەردەو خوێندن، تەندروستی، ژینگە، مافەکانی مرۆڤ، هاتووچۆو بەرگری شارەستانی، کارەبا، یاساو ڕامیاری ....هتد )، هەروەها ئەنجامدانی بەرنامەی بەسود لە سەرجەم بوارەکاندا، بەمەستی وشیارکردنەوەو خزمەت گەیاندن بە خوێندنکاران و خەڵکی ناوچەکە.

رادیۆی"دەنگی زانكۆ"ی ڕاپەڕین رادیۆیەیەكی زانستی و ئەكادیمییە، لەئێستادا رادیۆكە پەخشی ئەزموونی خۆی لەسەر فریكوێنسی 97.3 مێگاهێرتس دەست پێكردووەو لەئایندەیەكی نزیكیشدا پەخشی ئاسایی دەستپێدەكات. دەنگی زانکۆ لە لایەن هۆبەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری زانکۆوە بەڕێوەدەبرێت .