University of Raparin Logo

لەنوێترین وەشانی وێبۆماترێكسدا: زانكۆی ڕاپەڕین، ئاستێكی باڵای لەڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان و جیهاندا بەدەستهێنا

لەنوێترین وەشانی وێبۆماترێكسدا: زانكۆی ڕاپەڕین، ئاستێكی باڵای لەڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان و جیهاندا بەدەستهێنا
 
بەپێی دووەمین وەشانی ئەمساڵی (2022)ی ڕیزبەندی وێبۆماترێكس بۆ زانكۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و جیهان، زانكۆی ڕاپەڕین ئاستێكی باڵاو پێوانەیی لەڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان بەدەستهێنا بەبەراورد بەساڵانی رابردوو و وەشانی یەکەمی مانگی یەکی ئەمساڵی (٢٠٢٢).
بەپێی دووەمین وەشانی ڕیزبەندی وێبۆماترێكس لەساڵی (2022)دا کە ئەمڕۆ ڕاگەیندرا، زانكۆی ڕاپەڕین پلەی (37) هەمین ئاستبەرزترین زانكۆیی لەکۆی (122) زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق و پلەی (15)هەمین زانكۆی لەنێوان (32) زانكۆی حكومی و ناحکومییەکانی هەرێمی كوردستان بەدەستهێناوە. هەروەها بەپێی هەمان ڕیزبەندی لەسەر ئاستی جیهان زانكۆی راپەڕین پلەبەندی (٤٧٨٨)ی وەرگرتوە لەكۆی زیاتر لە (31) هەزار زانكۆ لەجیهاندا كە لەریزبەندییەكەدان.
لەكاتێكدا لەماوەی ساڵانی ڕابردودا بەپێی ڕیزبەندی وێبۆماترێكس بۆ زانكۆكان لەسەر ئاستی جیهان زانكۆی ڕاپەڕین بەردەوام لەگەشەی زانستیدابوەو بەپێی داتا بڵاوكراوەكانی وێبۆماترێكس لەساڵی 2018 لەسەر ئاستی جیهان لە پلەبەندی(23761)بووەو لەساڵی 2019دا لەسەر ئاستی جیهان لەپلەبەندی (22496) بوەو لەساڵی 2020دا لەسەر ئاستی جیهان لەپلەبەندی (13650) و لەساڵی 2021 لەسەر ئاستی جیهان لەپلەبەندی (10668) بووە، هەروەها بۆ وەشانی یەکەمی مانگی یەکی ئەمساڵ (2022) لەسەر ئاستی جیهان پلەبەندی (5161) بوو، بەڵام  لەوەشانی دووەمی مانگی تەمموزی ئەمساڵ (2022) لەناو ڕیزبەندی زانكۆكان لەجیهاندا لە پلەبەندی (4788)دایە، کە (373) پلەبەندی لەڕیزبەندیەكەی وێبۆماترێكسدا هاتۆتە پێش بەبەراورد بەوەشانی یەکەمی ڕیزبەندییەکە. 
شایەنی باسە زانکۆی ڕاپەرین لەمساڵدا  لەوەشانی دووەمی ڕیزبەندی گۆگڵ سکۆلەر سایتەیشنی زانکۆکانی جیهانیش لەڕیزبەندی وێبۆماتریکسدا بەپلەی (1324) سایتەیشن هاتۆتە ناو ڕیزبەندییەکانی جیهان.
  زانکۆی راپەڕین کاردەکات تا لەداهاتودا بتوانێت لەڕیزبەندیە نێودەوڵەتیەكانی دیكەشدا ئاستی باش و بەرزتر تۆمار بکات.
بەو بۆنەیەوە، بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی ڕاپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانكۆمان دەكەین، و رێزو سوپاس و پێزانینی سەرۆكایەتی زانكۆ ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان فەرمانبەرانمان دەكەین، كە ڕۆڵ و كاریگەرییان هەبوە لەبەرەو پێشبردنی زانكۆی ڕاپەڕین و چونەوە پێشەوەی پلەبەندی ڕیزبەندی زانكۆمان لەڕیزبەندی وێبۆماترێكس لە دووەمین وەشانی ساڵی (2022)دا.

زانکۆی راپەڕین دوو زەمالە بۆ دەرچوانی بەشی یاسا لەئیتاڵیا رادەگەیەنێت

زانکۆی راپەڕین دوو زەمالە بۆ دەرچوانی بەشی یاسا لەئیتاڵیا رادەگەیەنێت

زانکۆی راپەڕین دوو زەمالە بۆ دەرچوانی بەشی یاسایی زانکۆی راپەڕین بۆ خوێندنی ماستەر لەوڵاتی ئیتاڵیا لەپسپۆڕی (LLM (Masters) International Master in European Private Law) دەستەبەردەکات.
ئەم زەمالەیە لەرێگەی سەرۆکی زانکۆی راپەڕین پ.ی.د پەیمان ڕەمەزان دەستەبەركراوە كە بۆ ماوەی سێ ساڵە وەک مامۆستای خوێندنی باڵا لەسێنتەری نێودەوڵەتی مێدیترانیا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەزانکۆی کالابریای ئیتالیا خۆبەخشانە کاردەکات و پاڵپشتی پرۆگرامی ماستەرو پۆست دکتۆرایە. لەپای ئەوەدا بەڕێوەبەری سێنتەری مێدیترانیا دوو کورسی خوێندنی ماجستری پێشکەش بەدەرچوانی زانکۆی راپەڕین دەكات و تێچوی خوێندنیان بۆ لادەبرێت.
مەرجە تایبەتەکان:
1- دەرچوی بەشی یاسای زانکۆی راپەڕین بێت.
2- زمانی ئینگلیزی بەباشی بزانێت.
3- تێکڕای نمرەی دەرچونی لە ۷٥ کەمتر نەبێت.
4- تەمەنی لە ۳۰ ساڵ زیاتر نەبێت.
5- فۆرمەکان لەئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەبیانی سەرۆكایەتی زانكۆ لەكەمپەسی رانیە لەنهۆمی سێهەم پڕدەکرێنەوەو دوو کاندید لەسەر ئاست و توانایان هەڵدەبژێردرین.
6. دۆکومێنتەکان: (پاسپۆرت، سی ڤی، بڕاونامە)
7. ماوەی پێشكەشكردن لەرۆژی (7 بۆ 10ی ئابی 2022) دەبێت و رۆژی (11ی ئابی 2022) چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكان دەكرێت.
لەساڵانی داهاتوو دەرفەتەکان زیاتر دەکرێن بۆ دەرچوانی زانکۆی راپەڕین.
زانیاری زیاتر دەدرێت بەدوو کاندیدی کۆتایی كە لەهەڵسەنگاندنەكان دەردەچن.

مێزگردێكی هاوبەش لەزانكۆی راپەڕین رێكخرا

مێزگردێكی هاوبەش لەزانكۆی راپەڕین رێكخرا
 
ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی ئابی 2022) رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان مێزگردێكی هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی راپەڕین دەربارەی خۆپاراستن لەتوندڕەوی توندوتیژ لەهەرێمی كوردستان، رێكخست.
لەمێزگردەكەدا ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و چالاكوانی مەدەنی لەسنوری راپەڕین بەشداریان تیایدا كرد.
لەسەرەتای مێزگردەكەدا د. كامەران محمد، راوێژكار لەرێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان، پوختەیەكی دەربارەی پڕۆژەی مێزگردەكەوە خستەڕوو و باسی لەو كێشەو ئالەنگارییانە كرد كە رێكخراوەكان لەجێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان هەیانە، و بەتایبەتیش پڕۆژەی خۆپاراستن لەتوندڕەوی توندوتیژی و پڕۆژەكەش زیاتر كاریكردوە لەسەر شارو چارۆچكەكانی دەرەوەی شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستان.
مێزگردەكە بەشێك دەبێت لەتوێژینەوەیەكی زانستی و سەرەڕای مێزگردەكانیش راپرسی و چاوپێكەوتنەكان لەداهاتوودا بەشێك دەبن لەپڕۆژەی توێژینەوەكە كە سنوری راپەڕین بەشێكی كاریگەری توێژینەوەكە دەبێت.
لەمیانی مێزگردەكەدا ئامادەبوان گفتوگۆی چڕیان دەربارەی فاكتەرەكانی توندوتیژی كرد بەتایبەتیش توندوتیژی و توندڕەوی لەسنوری راپەڕین بۆئەوەی بتوانرێت لەداهاتوودا لەرێگەی پڕۆژەیەكی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆئەوەی كار لەسەر كەلتوری پێكەوژیان و ئاشتی و ئاشتەوایی بدرێت.
لەتەوەرێكی دیكەی مێزگردەكەدا باس لەوەكرا كە چ پڕۆژەیەك بكرێت بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی و توندڕەوی لەسنوری راپەڕین.