University of Raparin Logo

وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە زانكۆ ئەهلییەكان دەکات،هاوكاری خوێنکارانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكەن

 بەپێی نوسراوی ژمارە ١٣٨٨٧ی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە  لە ڕۆژی ٧/١٧/ ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە ،  داوا لە زانكۆ ئەهلییەكان دەكرێت كە هاوكاری خوێنکارانی  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكەن و هەر زانكۆیەك ژمارەیەك خوێندکار بەبێ بەرامبەر وەربگرێت.
لە نوسراوەكەدا ڕوونکراوەتەوە ، بەپێی ئەو گۆڕانكاییانەی كە بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا هاتووە بەهۆی ناجێگیری باری ئەمنی عێراق وایكرد ژمارەیەك خوێندكار كە دانیشتووی ئەو ناوچانەن و لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەیانخوێند بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، وا پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵی خوێندن نەتوانرێت ژمارەیەكی زۆر قوتابی لە زانكۆ حكوومییەكان جێگەیان بۆ بكرێتەوە و ناچار دەبن روو لە زانكۆ ئەهلییەكان بكەن .
بەم هۆیەوە  وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە زانكۆ ئەهلییەكان دەكات هاوكاری ئەوخوێندکارانە  بكەن و هەر زانكۆیەك بەپێی توانا ژمارەیەك كورسی بەبێ بەرامبەر بۆ خوێندكارانی ئەو ناوچانە دابین بكات . 

 

 

 

گواستنەوەی خوێندکار لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکی دیکە ڕاگیرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە فرمانێکی وەزاریدا کە لە ڕێکەوتی ٨/٧/٢٠١٤ بە ئیمزای د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرکراوە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی گواستنەوەی خوێندکاران لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە . فرمانەکە دوو بڕگەی لە خۆگرتوە.

١- ئەو خوێندکارانەی لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ و ساڵانی دواتر لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان وەردەگیرێن لەکاتی تەواوکردنی قۆناغی یەکەم و قۆناغەکانی تری خوێندنیان ، واتە تاکو تەواوکردنی خوێندنەکەیان مافی گواستنەوەیان نابێت لە نێوان زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم ، بەڵام مافی دابەزاندنیان دەبێت بەپێی ڕێنماییەکان.

٢- ئەو بڕیارە لە رێبەری خوێندکارانی ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ دەنوسرێت بۆ ئەوەی خوێندکاران و خانەوادەکانیان لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆ لاین ئاگادار بن.

واتا بەپێی ئەو بڕیارە لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٤-٢٠١٥ وە خوێندکاران مافی گواستنەوەیان لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە نەماوە و خوێندکار لەهەر زانکۆیەک وەربگیرێت دەبێت تا تەواوکردنی سەرجەم قۆناغەکانی لەو زانکۆیە بخوێنێت , چونکە لە هیچ حاڵەتێکدا گواستنەوە بۆ هیچ خوێندکارێک ناکرێت , پێویستە هەمو ساڵەکانی خوێندنی لەو زانکۆیە تەواو بکات ، ئەمە جگە لەمافی دابەزاندن کە هەر خوێندکارێک دەتوانێت دابەزاندن بکات لە نێوان زانکۆ و پەیمانگاکاندا بۆیە تکایە لە کاتی پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلایندا ئاگاداری ئەو خاڵە بن .

جەژنی رەمەزانتان پیرۆزبێت

 

 بەبۆنەی ھاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین دەکات . ھەروەھا پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم موسوڵمانان بەگشتی و موسوڵمانانی کوردستان بەتایبەتی دەکەین و داواکارین لەخوای گەورە کە ئەم جەژنە ببێتە دەستپێکی شادی و سەروەری بۆ گەلەکەمان و ھەموو ساڵێک بەخێرو خۆشی بەڕێوەبچێت.
                                                        سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین